نهێنی بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان ترامپ‌و ئەردۆعان

جیهان

13/11/2019‌ 2144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری بارگرژی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا، كەچی پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لێڵی و نهێنییەكی لە پشتە‌ و هەردوولاش پشتیوانی یەكدی دەكەن.

ئەردۆغان بە كڕینی كۆسیستەمی موشەكی ئێس 400 ڕوسی، گرنگیدانی بە فڕۆكەی سو – 35  و داگیركارییەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، ئاڵینگاری پەیمانی ناتۆی كرد.

لە سایەی ئەم دۆخەدا هەردوو سەرۆك كۆدەبنەوە، ئەمەش‌ پێمان دەڵێت: چۆن سیاسەتی ئەمری واقع بووەتە پێودانگێكی جیهانی، ماكڕۆنیش بە داناییەوە وتی: پەیمانی ناتۆ لەدۆخی مردنێكی كلینیكی دایە.

جگە لە قەتەر و ئازەربایجان و ڕوسیا، دەنا لە جیهاندا دەوڵەتێك نییە لەو چەشنە ڕەفتارەی ئەردۆغان ڕازی بێت كە بێ دوودڵی فەرمانڕەوایی تاكڕەووی خۆی سەپاندووە، لە ناوەوە و دەرەوەی توركیاش بە توندی بەرەنگاری كوردەكان بۆتەوە و پلانیشی هەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لە سوریا بمێنیتەوە. بێگومان لە مەشیاندا سەرۆكی توركیا سوودی لەو پشێوی و بێسەرەوبەرییە وەرگرتووە كە جیهانی رۆژئاوا تێكەوتووە.

زۆر كەس دەپرسن بۆچی ئەردۆغان سەردانەكەی بۆ واشنتۆن هەڵنەوەشاندەوە، لە كاتێكدا زۆرینەی كەمەرشكێنی كۆنگرێس، زۆر بە توندی دژ بەو ‌سەردانە‌ی ئەون. لە ئاكامی داگیركاری ئەردۆغان بۆ باكوری سوریا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دوو بڕیاری دەركردن: یەكەم دانپێدانان بە كۆمەڵكوژی ئەمەنەكان، دووەمیش ڕاسپاردەی داوە سزای توند بەسەر حكومەتەكەی ئەردۆغاندا بسەپێنن. 

پێشتر و لە دۆخی لەم جۆرەدا، پەیوەندییەكان بارگرژیان تێدەكەوت ، داوا لە باڵوێزی توركیا دەكرا بێتەوە ئەنقەرە و و داواكارییە دبلۆماسییەكانی ئەمریكییەكانیان پێ بگەیەنێت.

كەچی لەگەڵ ئەمانەی سەرەوەشدا، ئەردۆغان لە دوای هەلسەنگاندنێكی فرتوفێڵاوی، تەواو پێچەوانەی دۆخەكەی كرد، دیارە كە شێلگیرە لەسەر سەردانكردنی واشنتۆن، تڕەمپیش لە سایەی دیوەزمەی لێپرسینەوەی كۆنگرێسدا، بەو سەردانە ڕازی بووە. بە ڕاستی كارەكە سەرسامكەرە.

داگیركارییەكەی باكوری سوریا سەركەوتنێكی گەوەرە بوو بۆ ئەردۆغان كە دەزانێت ئۆپۆزسیۆن لاوازە، دەشزانێت یاری لەسەر پەتی نەتەوەیی شەقامی توركی كردووە و هیچ كامیشیان ناتوانن تانە و تەشەری لێبدەن.

ڕاپرسییەكی دامەزراوەی ڕابوروی توركی لە ئەنقەرە دەریدەخات هەموو فراكسیۆنە حیزبییەكان پشتیوانی كردە داگیركارییەكەی توركیان لە باكوری سوریا. بۆیە سەیر نەبوو كە 97.6 % ی بەشداربووانی پارتی داد و گەشەپێدان بەو كردەیە ڕازیبون.  پارتی بزووتنەوەی نەتەوە پەرست و ئەندامانی پارتی گەلی كوماریش،  پاڵپشتی ئەو كردە سەربازییە‌ن. هەموو ئەو پاڵپشتییانەش دەگاتە نزیكەی 85%. 

ئێستا و دوای ئەوەی باسكرا، هەنگاوی دووەمی ئەردۆغان چییە؟
 ئەردۆغان باش دەزانێت كە دۆناڵد تڕەمپ تاكە كەس بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بكات، تۆ بڵێی بابەتەكانی سەر مێزی گفتوگۆی نێوانیان چیبن؟

پێشبینی ئەوە دەكرێت سێ بابەت لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و توركیا تاوتوێ بكرێن:

یەكەم -  هێشتا ئەردۆغان لە خەمی پرسی سپیكردنەوەی پارەدایە كە بانقی خەلقی پێ تۆمەتبار كراوە و دۆسییەكەی‌ لە دادگای فیدڕاڵی نیویۆڕكە،  بانقەكە بەوەش‌ تۆمەتبار كراوە كە هاوكاری ئێران بووە بۆ دەربازبوون لە سزا ئەمریكییەكان.

ئەردۆغان كە توانی ئەو پرسە لە ناوخۆی توركیا كاڵكاتەوە، داوای هەمان شتیش لە تڕەمپ دەكات كە لە ئەمریكا ئەنجام بدات، یان بەلایەنی كەمەوە هەوڵ دەدات سەوداو مامەڵەیەكی لەگەڵ واژۆ بكات، ئەمەش لە ڕێگەی پێشكەشكردنی داشكاندنێكی سەخت بە سەرۆكی ئەمریكا(وەك ئازادكردنی هەندێك لە فەرمانبەرە دەستگیركراوەكانی باڵوێزخانەی ئەمریكا) ، هەروەها پێشكەشكردنی چەند گرێبەستێكی بازرگانی تازە.

دووەم – داوا لە تڕەمپ دەكات پشتیوانییەكانی بۆ شەڕڤانانی كورد بوەستێنێت.

سێیەم – داوای ڕێككەوتنێكی بازرگانی ئازاد دەكات، تەنانەت ئەگەر شیمانەی ئەوەشی لێ نەكرێت جێبەجی بكرێت.

مانەوەی تڕەمپ بە تەنیشت پیاوێكی بەهێزی وەك ئەردۆغان كە جێگەی لۆمەكاری و گلەیی و گازندەی جیهانە، سەرۆكی ئەمریكا دەخاتە هەڵوێستێكی ڕووگیرانەوە، چونكە هۆكارێكی لۆژیكی نییە كە پشتیوانی لە ئەردۆغان بكات. پشتیوانی لە سەرۆكی توركیا جێگەی نارەزایی كۆنگرێس و دەنگدەرە ئینجیلییەكانە، ئینجیلییەكانیش هاوسۆزی كوردەكانن. هەندێك دەنگۆش هەن كە ئەردۆغان لەوانەیە هەندێك كارتی سازشكاری و داشكاندنی دیكەی پێبن و بەم كارتانەش تڕەمپ ئاراستە بكات.

سەرچاوە: عەرەب
نووسین:  یاوز بیدار 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر