سەتنەری میترۆ: دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسان وەك تۆڵە بەكاردێت

کوردستان

13/11/2019‌ 255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، دەستەسەركردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لە میدیاكاران، ئێمە رەتیدەكەینەوە.

سەنتەری میترۆ لەماوەی رابردوودا بە دواداچوونی بۆ چەند كەیسێكی رۆژنامەگەری كردووە، سەرنجی داوە هەندێ لە كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە لە بنكەكانی لێكۆڵینەوەی هەرێمی كوردستان، بە تەواوەتی یاسای كاری رۆژنامەنوسی فەرامۆشدەكەن و بە یاسایەكی تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنس دەكرێت و (دەستبەسەركركردن) لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری، وەك تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان، بەكاردێنن.

دوێنێ 12ی تشرینی دووهەم، ئامانج ئەحمەد، پەیامنێری سایتی (سبەی) لە سۆران و باڵەكایەتی بەمەبەستی كارێكی رۆژنامەوانی دەچێتە ناوچەی برادۆست و لە بنكەی ئاسایشی ناوچەكە و بە پاساوی "وەرنەگرتنی مۆڵەت" رادەگیرێت.

رۆژی 10ی تشریینی دووهەم بە هۆی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لە كەناڵی NRT دادوەرێك سكاڵای یاسای لەسەر بەرێوەبەری ئەو كەناڵ شوان عادل و پەیامنێرەكەیان ئیحسان سابیر، تۆمار كرد لەبەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی كەلار ووتەیان لێوەرگیرا و بریاردرا 20 رۆژ دەستبەسەربكرێن ، بەڵام هەمان رۆژ كەفالەتیان بۆ كرا .

مانگی رابردوویش هەریەك لە (محەمەد رەئوف، فازل حەمەڕەفعەت، نامیق رەسوڵ، نیاز عەبدوڵا) سەرنوسەرو ئەندامانی دەستەی نوسەرانی (درەو میدیا) و رۆژنامەنوسان، هیمن مامەند، رزگار كۆچەر، كارۆخ عومەر سەنوسەری سنور میدیا، بە پێی (یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان) بانگ كران بۆ بەردەم دادگا.

سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت هەموو پابەندین بە یاسای گشتی ، بەڵام كە یاسای تایبەت هەبوو بۆ توێژێكی دیاریكراو ئەو كات دادگان پەنا بۆ یاسا تایبەتەكە دەبەن بۆیە وتراوە " الخاص یقید العام".

لە یاسای كاری رۆژنامەگەریدا باس لە دەسبەسەركردن و حوكمی زیندان نەكراوە جەختدەكەینەوە " دەبێت بە بڕگەكانی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسان بكرێت، دەستەسەركردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش تۆڵەكردنەوەیە لە میدیاكاران و ئێمە رەتیدەكەینەوە"

یاسای رۆژنامەگەری چەختدەكاتەوە "نابێت ئەو راپروبۆچوونەی لە لای رۆژنامەنوس دەردەچێ، یان ئەو زانیاریانەی كە بڵاویان دەكاتەوە ببنە هۆی تێكدانی باری ژیانی، یان زیان بە خۆی و مافەكانی بگەینێت"