حکومەت لەناردنى پڕۆژەی دامەزراندنى فەرمانبەرانى گرێبەست بۆ پەرلەمان پەشیمان دەبێتەوە

کوردستان

13/11/2019‌ 841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
حکومەتى هەرێم دواى ئەوەى پڕۆژەى بە هەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست رەوانەى پەرلەمان دەکات پەشیمان دەبێتەوەو داوا دەکات خوێندنەوەى بۆ نەکرێت.

عەبدولستار مەجید سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پێشتر حکومەت رەزامەندى دەربڕی بوو کە فەرمانبەرانى گرێبەست بکرێن بە هەمیشەیی و پرۆژەیەکى بۆ بە هەمیشەییکردنى گریبەستەکان رەوانەى پەرلەمان کردو ئەمرۆش خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، بەڵام حکومەت دوێنێ بە نامەیەک داواى پرۆژەکەى کردوەتەوە بۆى بگەڕێنرێتەوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەت داواى کردوە کە پرۆژەکە دەوڵەمەندتر دەکەن و زانیارى دیکەى بۆ زیاد دەکەن، بەڵام بەوتەى خۆی ئەمە نا یاساییەو ئەگەر پرۆژەیەک رێکارە یاساییەکانى بڕی و رەزامەندى لەسەر نیشاندرا دەبێت ئاراستەىى لیژنەى یاسایی و تایبەتمەندییەکان بکرێت و دواى خوێندنەوەى دووەم پەسند بکرێت.

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ باسى لەوەشکرد، یان حکومەت لەو پرۆژەیەى پەشیمان بووەتەوە یان دەیانەوێت بیکەن بە دەستکەوتێک بۆ حکومەت نەک بۆ پەرلەمان.

دواى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دامەزراندنى مامۆستایانى گریبەست چەند رۆژێکە خۆپیشاندانى فەرمانبەرانى گرێبەست لە شارو شارۆچکەکانى هەرێم دەستیپێکردوەو داواى دامەزراندنیان دەکەن.
س.هـ