ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لیژنەیەک بۆ بارودۆخى فەرمانبەرانى گرێبەست پێکدەهێنێت

کوردستان

13/11/2019‌ 414 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێى راگەیەنراوی ئەنجومەنى وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە 13/11/2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە راپۆرتێکی دەربارەی پێکهاتەی وەزارەت و میلاك وخەرجییەکان و هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە بواری کاروباری پێشمەرگە خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە و دارایی و ئابووری بۆ بەدواداچوونی بڕگەکانی راپۆرتەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکبهێنرێت و دواتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

پاشان خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی راپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماددەکانی 3 و 12 و 16 و 17 لە یاسای فیدراڵی ژمارە 4ی ساڵی 2019 تایبەت بە هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ی ساڵی 2018 و دوا پەرەسەندنەکانی لێژنەی پێکهاتوو بۆ گۆڕانکاری لە دەستووری عێراق و یەکەمین کۆنووسی لیژنەکە. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی پڕۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەك سازشیان لە سەر ناکرێت.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی کارمەندانی گرێبەست پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی دواتر دەرئەنجامی بەدواداچوونەکە بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

س.هـ