پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەى فەرمانبەرانى گرێبەست دوو هەفتە مۆڵەت دەداتە حکومەت

کوردستان

13/11/2019‌ 362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پەرلەمان دوو رۆژ مۆڵەتى داوە بە حکومەت تا پرۆژەى دامەزراندنى فەرمانبەرانى گرێبەست دەوڵەمەند بکات و زیادى بکات.

سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵ لە فەیسبووکى خۆیەوە نوسیویەتى"مەسەلەی گرێبەستەکان بۆ ئەوەی ببنە ھەمیشەیی، سەرەتا پێشنیازە بڕیارەکەی پەرلەمان نێردرا بۆ حکومەت، چونکە رەھەندی دارایی ھەیە و رەزامەندی وەرگیرا بەوەی حکومەت وەڵامی دایەوە کە بارگرانیان بۆ دروست ناکات".

ناوبراو روونیشیکردەوە، پرۆژەکە خرایە بەرنامەی کارو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێ، حکومەت دوێنێ بەنوسراێکی دی داوای گێڕانەوەی جارێکی دیکەی پرۆژەکەی کرد ئەمەش کارێکی یاسایی نیە، زۆرێک ڕازی نەبوین بنێردرێتەوە بۆ حکومەت.

سۆران عومەرت ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکی پەرلەمان وتی مۆڵەتی دوو ھەفتە دەدەین بەحکومەت چی ھەیە لەوبارەوە بۆمان بنێرێ ئەگەر نا لەپەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکەن بۆ دەرچواندن، بەوتەى خۆشى چاوەڕوان دەکرێ لەم ماوەی پەرلەمان داویەتی بەحکومەت، حکومەت بۆ خۆی بڕیارەکە دەر بکات.

دواى بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دامەزراندنى مامۆستایانى گریبەست چەند رۆژێکە خۆپیشاندانى فەرمانبەرانى گرێبەست لە شارو شارۆچکەکانى هەرێم دەستیپێکردوەو داواى دامەزراندنیان دەکەن.

هەفتەى رابردوو ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بریاریدا کە مامۆستایانى گرێبەست دابمەزرێنێت، لەئێستاشدا ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى وانەبێژوو فەرمانبەرانى گرێبەست و خۆبەخشەکان چاوەڕێى دامەزراندن دەکەن و چەند رۆژێکیشە خۆپیشاندانیان دەستپێکردوە.
س.هـ