ئەردۆغان لەواشنتۆن.. كودەتایەكی دیمۆگرافی‌و جیابوونەوە لە ناتۆ

جیهان

16/11/2019‌ 1831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بۆ واشنتۆن هەوڵەكانی ئەنقەرەی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریای ئاشكراكرد، ئەویش كاتێك سەرۆكی توركیا رایگەیاند ،دەیانەوێت ملیۆنێك پەنابەری سوری نیشتەجێی توركیا لەو ناوچە ئارامە جێگیر بكەن، كە دەیانەوێت دروستی بكەن .

زۆربەی ئەو ناوچەیەی ئەردۆغان باسی لێوە دەكات كوردی تێدا نیشتەجێیە، ئەوەش مانای وایە توركیا دەیەوێت خۆی لەدەست پەنابەرە سورییەكان رزگار بكات و لەشوێنێكیان نیشتەجێ بكات، كە زێدی رەسەنی خۆیان نییە، هەروەك ئەردۆغان دەیەوێت پەنابەرە سورییەكان وەك ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دژ بەكوردەكان بەكاربهێنێت .

ئەردۆغان لە واشنتۆن راشیگەیاند، داوای لە دۆناڵد ترامپ كردووە دەست لە یارمەتیدانی هێزە كوردییەكان هەڵبگرێت، چونكە بەلای ئەنقەرەوە یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە سوریا "هێزێكی تیرۆریستییە"، كە بربرەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتە و هاوپەیمانی واشنتۆنن لەجەنگی دژی ڕێكخراوی داعش .

ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، توركیا و ئەمەریكا دەتوانن بەیەكەوە كار بۆ جەنگی دژی رێكخراوی داعش و بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریا بكەن، بەڵام سەرۆكی ئەمەریكا جەختیكردەوە، كە هێزەكانی ئەمەریكا بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان لە سوریا دەمێننەوە .

ئەمە لەكاتێكدایە، مایك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا پێش كۆبوونەوەكەی ترامپ و ئەردۆغان كەوت و وتی: بەدڵنیایی ٦٠٠ سەربازی ئەمەریكا لە سوریا دەمێننەوە و واشنتۆنیش بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات .

ئیسپەر لە لێدوانەكەیدا جەختی لە رۆڵی هەسەدە لەجەنگی دژی داعش كردەوە و لەهەمان كاتیشدا باسی لەوە كرد، كە توركیا لە هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی دووردەكەوێتەوە و وەك دیاریشە خەریكە لێیجیادەبێتەوە.

ئیسپەر بەڵگەی قسەكانی بە دەستتێوەردانی سەربازی توركیا لە سوریا و ئەو گرێبەستە هێنایەوە، كە لەبواری كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" لەگەڵ روسیا واژووی كردووە.

ئەو هەڵوێستە یەكبەدوای یەكانە مانای چوونە ناو قۆناغێكی نوێی كێشانی نەخشەی ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریایە، ئەویش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و لەیەكتێگەیشتنەكان .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی