دانپێدانانی باڵیۆزەكەی داعش..
بەهەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری توركیا چاوم بەئەردۆغان دەكەوت

جیهان

17/11/2019‌ 8168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەبو مەنسوور مەغریبی، لەمەغریبەوە بۆ ئەستەنبووڵ لەوێوە بۆ سنووری سوریا گەشتی كردووە ئەویش لەپێناو بەدیهێنانی ئەركێك، كە خۆی لە دەستەبەركردنی بەردەوامی هاتنی داعشە بیانییەكانە لەرێگای خاكی توركیاوە بۆ ناو سوریا دەبینێتەوە، هەموو ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگری توركیا كراوە.

ئەو دانپێدانانەی ئەو فەرماندەی داعش، كە ئێستا لە عێراق دەستبەسەر كراوە پێگەی "هۆم لاند سیكوریتی تودەی" ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە، كە بەگوێرەی زانیارییەكانی ناو ئەو دانپێدانانە بێت ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری داعش لەسەر سنووری سوریا ئەركی پێشوازیكردنی ئەو چەكدارانەی پێسپاردووە، كە لە وڵاتانی ترەوە هاتوون بۆ سوریا .

ئەبو مەنسوور مەغریبی باسی لەوەش كردووە، دانوستانەكانی نێوان توركیا و داعش یان لەناو خاكی سوریا دەكران، یان لەناو توركیا، یان لەنزیك دەروازە سنوورییەكان. 

هەروەك ئاشكراشیكردووە، كە لەساڵی ٢٠١٦ وابڕیار بووە چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەوێت، ئەویش لەسەر داوای لایەنی توركی .

بەقسەی مەغرینی داعشەكان چی بەتاك، یان گروپ لە توركیا دەژین، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە زۆرینەی داعشە بیانییەكان لە باكووری ئەفریقا و ئەوروپاوە دەهاتن، باسی لەوەش كردووە سەرەتا ئەو ئەركی پێشوازیكردنی ئەو داعشانەی پێسپێردراوە، بەڵام دواتر بووەتە ئەمیر و دواتر وەك دیبلۆماتكارێكی داعش، كە نوێنەرایەتی داعشی كردووە لە توركیا كاری كردووە.

هەروەها جەختیشیكردووەتەوە، كە چەندین رێكەوتن و كۆبوونەوەی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپا و هەواڵگری توركیا كردووە .

پێگە ئەمەریكییەكە لەو بارەوە بڵاویكردووەتەوە، كە وادیارە ئەبو مەنسوور چاوی بە بەرپرسی باڵای توركیا كەوتووە و پێیان وتووە، ئەردۆغان خواستی ئەوەی هەیە هەموو هێڵی سنووری باكووری سوریا تا موسڵ دەستبەسەردابگرێت.

مەغریبی جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەرژەوەندییەكانی داعش و توركیا تەواوكەری یەكتر بوون و دەرگای توركیاش بەردەوام كراوە بووە بۆ چارەسەركردنی بریندارانی داعش بێئەوەی پرسیاری ناسنامەیان لێبكرێت.

سەبارەت بە نەوتی سوریا، مەغریبی رایگەیاندووە، كە زۆرینەی نەوتی سوریا بۆ توركیا دەرۆیشت، برێكی كەمیش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی رژێمی ئەسەد دەچوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە كورەكەی ئەردۆغان بەهۆی نەوتی داعشەوە دەوڵەمەند بووە .

لەوەڵامی پرسیاری دانوستانی نێوان توركیا و داعش بۆ ئازادكردنی دیبلۆماتكارەكانی توركیا لە موسڵ دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر ئەو شارەدا گرت، مەغریبی باسی لەوەش كردووە، كە دانوستانەكان لە سوریا كران ، بەرانبەر ئازادكردنی فەرمانبەرانی قونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ نزیكەی ٥٠٠ زیندانی داعش لە توركیا ئازادكران و هاتنەوە ناو داعش.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی