داوا لەئەمریكا دەكرێت بەخێرایی چەكە ناوەكییەكانی لە توركیا بگوازێنەوە

جیهان

20/11/2019‌ 4826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایا توركیا دۆست، یان نەیاری ئەمەریكایە؟ رەنگە رایەكی هاوبەش لەسەر ئەو پرسیارە نەبێت، بەڵام لەمدواییە ئەو بۆچوونەی توركیا وەك نەیار سەیر دەكات لەلایەن هەندێك سیاسی و كەسانی سەربازی ئەمەریكا زۆر بڵاوە .

لەناو ئەوانەدا چاك واڵد جەنەراڵی خانەنشینی ئەمەریكی و یاریدەدەری پێشووی فەرماندەیی سوپای ئەمەریكا لەئەوروپا لەماوەی دەیەی رابردوودا، كە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی "بلوومبێر" دەڵێت: توركیا دوژمنی ئەمەریكایە .

واڵد یەكێك بووە لە دیارترین ئەو كەسانەی داوای كردووە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا بەهۆشدارییەوە مامەڵە بكرێت، ئەویش بەهۆی دژیەكی بەرژەوەندییەكانیان لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەت، كە ئەمریكا نزیكەی ٥٠ بۆمبی ناوەكی لەجۆری B61 لە بنكەی سەربازی ئینچەرلیكی باشووری توركیا هەیە .

ئەو جەنەراڵە خانەنشینەی سوپای ئەمەریكا، كە ئێستا وەك توێژەر لە پەیمانگای یەهوودی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كاردەكات دەڵێت: توركیا بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٤ ڕێگەی نەدا ئەمەریكا بنكەی ئاسمانی ئینچەرلیك لەدژی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەكاربهێنێت، بەڵام دوای ساڵێك بەو داواكارییە رازی بوون.

ئەو دەشڵێت: لەساڵی ٢٠١٦ ، ئەردۆغان فەرمانی كرد سەرجەم دارایی ئەمەریكا بۆ چەند رۆژێك لەكاركردن رابگیرێن ، ئەویش لەدوای ئەوەی ئەمەریكای تۆمەتبار كرد، كە دەستی لەپشت كودەتا سەربازییەشكستخواردووەكە هەیە .

واڵد ئەوەش دەڵێت: ئەردۆغان لەمدواییە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر هێزە كوردییە هاوپەیمانەكانی ئەمەریكای كرد لەباكووری سوریا، لەكاتێكدا هێشتا هێزەكانی ئەمەریكا لەوێ بوون، تەنانەت لەكاتی پاشەكشەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن هێزەكانی توركیا تەقەیان لە پێگەكانی ئەمەریكا كردووە، بۆیە هەڵسوكەتەكانی توركیا پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت، كە ئایا دەبێت هێزەكانی ئەمەریكا  یان ناتۆ لە بنكەی ئینچەرلیك بنمێننەوە .

سەبارەت بەمەترسییەكانی ئەمەریكا لە توركیا واڵد دەڵێت: گرنگترین ترسی واشنتۆن بریتییە لە بوونی چەكی ناوەكی ئەمەریكی لەبنكەی ئینچەرلیك، كە ئێستا هەمان سوودیان نییە كە كاتی خۆی هەیانبوو.

هەروەك دەڵێت: بە سەرنجدان لە زیادبوونی گرژییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا، كە بەهۆی دوژمنایەتی توركیا و خواستی ئەردۆغان بۆ نزیكبوونەوە لە روسیا درووستبووە، دەبێت بەخێرایی ئەو چەكە ناوەكیانە لە توركیا بەرینە دەرەوە .

بۆ ئەوەش واڵد پێشنیاز دەكات چەكە ناوەكییەكانی جێگیر لە توركیا بگوازرێنەوە بۆ بنكەی سەربازی ئەڤیانۆ لەئیتالیا، كە لەڕووی لۆجستییەوە ئەوە ئەوەندە كارێكی سەخت نییە .