خەونی ئەردۆغان بۆ دروستكردنی فرۆكەی جەنگی توركیا لەساڵی ٢٠٢٣ نایەتەدی

جیهان

20/11/2019‌ 1465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان بەردەوام ئاوازی ئەوە دەیچڕی، كە لەساڵی ٢٠٢٣ توركیا دەبێتە خاوەنی یەكەم فرۆكەی جەنگی لەناوخۆی توركیا درووستكرابێت، بەڵام وادیارە ئەو بەڵێنەی ئەردۆغان نایەتەدی.

ئێستا راگەیەنراوە، كە پرۆژەكە دواخراوە، بەشێوەیەك ئاشكراكردنی یەكەم فرۆكەی جەنگی توركیا دەكەوێتە نێوان ساڵی ٢٠٢٥ -٢٠٢٦ لەجیاتی ساڵی ٢٠٢٣ ، لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەوەی كۆمپانیای BMC بۆ پیشەسازییە بەرگرییەكان هاتووەتە ناو پرۆژەی بەرهەمهێنانی فرۆكەكەوە .

پێشتر توركیا بەپێی ئەوەی رایگەیاندبوو چاوەڕێی فرۆكەیەكی جەنگی زۆر پێشكەوتوو دەكات، كە لەنەوەی پینجەمی فرۆكەكانە و لەناوخۆی توركیا دروست دەكرێت و ناویشی " TF-X" دەبێت، بۆ ئەوەش لەساڵی ٢٠١٧ گرێبەستی لەگەڵ بەریتانیا كردووە بۆ ئەوەی ئەو تەكنەلۆژیای لەناو فرۆكەی یۆرۆفایتەری ئەوروپیدایە پەرەی پێبدات و لە فرۆكە نوێكەی توركیادا بەكاریبهێنێت.

توركیا راشیگەیاندووە، نموونەی سەرەتایی فرۆكەكە لەساڵی ٢٠٢٣ ئامادە دەبێت، كە لە ساڵی ٢٠١٧ وە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای Rolls Royce و Kale ی بەریتانی گرێبەستی كردووە تا بزوێنەری تایبەت بە فرۆكەكەیان بۆ دروست بكات .

لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو، سەرۆكایەتی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای TRmotor ی سەر بە كۆمپانیای BMC ی پیشەسازییە بەرگرییەكان كرد، كە هەردوو وڵاتی توركیا و قەتەر بە هاوبەشی خاوەنی ئەو كۆمپانیایەن، بەوەی ئەو بزوێنەرەیان بۆ دروست بكات، كە وابڕیارە لەو فرۆكەیەدا بەكاربهێنرێت .

بەڵام كۆمپانیای BMC  دەیەوێت رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتی توركیا كۆمپانیاكە بخاتە ناو هەموو پرۆژە سەربازییەكانی توركیاوە، كە قەتەر خاوەنی ٤٩،٩% ی كۆمپانیاكەیەو ئەدهەم سانجاك پیاوی خاوەنكاری توركیاش، كە خزمایەتی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە خاوەنی ٢٥%ی كۆمپانیاكەیە و ٢٥%یش خاوەنادرییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی ئۆزتورك، كە لە حكومەتەكەی ئەردۆغانەوە نزیكە .

بەپێی ئەوەی لە میدیاكاندا بڵاوكراوەتەوە، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بڕیارێك لەسەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە دەرچووە بۆ بەتایبەتكردنی كارگەی پلێتەكانی تانك‌و زرێپۆشەكان و گواستنەوەی خاوەندارییەكەی بۆ كۆمپانیای كارپێكردنی كارگە سەربازییەكان، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ فرۆشتنی بە كۆمپانیای BMC .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی