چین مەترسی دەخاتە سەر چارەنووسی گوێدرێژەكانی جیهان

لە میدیاکانەوە

23/11/2019‌ 1696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ئەو كۆمەڵانەی، كە بە شێوەیەكی تایبەت گرنگی بە چارەنووسی ئەو گرووپە ئاژەڵان دەدەن، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان هۆشداریان داوە لەقڕبوونی گوێدرێژەكان لە جیهاندا و كەمبوونەوەی ژمارەی ئەو گیانلەبەرە سوودبەخش و بەئارامە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، كە ساڵانە ملیۆنان گوێدرێژ بۆ پێستەكانیان سەر دەبڕدرێن، بۆ پڕكردنەوەی ئەو خواستە ڕوو لەزیادبوونەی لەسەریان هەیە بۆ بەكارھێنانی وەك پێكهاتەیەكی پزیشكی نەریتی چینی، كە پێیوایە ماددەی "ئیجیاو"، كە لە پێستی گوێدرێژ بەرهەم دێت، سووڕی خوێن باشتر دەكات و چارەسەری نەخۆشییەكانی وەك كەمی خوێن (ئەنیمیا) دەكات.

خەمڵاندنە نوێكان لەلایەن ڕێكخراوی "پاراستنی گوێدرێژ"، كە ڕێكخراوێكی بەریتانییە گرنگی بە پاراستنی گوێدرێژەكان دەدات، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لە هەر ساڵێكدا نزیكەی ٤.٨ ملیۆن گوێدرێژ پێویستە بۆ پڕكردنەوەی خواست لەسەر ئەو دەرمانە پزیشكییە كەلتووریە چینییەی، كە پشت دەبەستێت بە "جیلاتین"ی هەبوو لە پێستی گوێدرێژەكان، كە پێشی دەگووترێ "ئیجیاو".

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، راپۆرتەكە هۆشداری ئەوەشی داوە، كە ئەگەر خواست لەسەر پێستی گوێدرێژ بەو ڕێژەیە بەردەوام بێت، ئەوا ژمارەی گوێدرێژەكان لەجیھاندا بۆ نیوە كەم دەبێتەوە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، كە لە ئێستادا بە نزیكەی ٤٤ ملیۆن گوێدرێژ دەخەمڵێنرێن.

هەر بەپێی راپۆرتەكان، لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی گوێدرێژەكان لەوڵاتی بەڕازیل بەڕێژەی ٢٨% و لە وڵاتی بۆتسوانا بەڕێژەی ٣٧% و لە قیڕغزستانیش بەڕێژەی٥٣% كەمبووەتەوە، ترسیش هەیە لەوەی گوێدرێژ بەتەواوی لە وڵاتەكانی كینیا و گانا نەمێنێت بەهۆی بازرگانیكردن بە پێستەكەیەوە.

راپۆرتەكە پێشێلكارییە گەورەكانیش دەرحەق بە گوێدرێژەكان ئاشكرا دەكات، كە زۆربەیان لەو كۆمەڵگایانە دزراون، كە بۆ بژێوی ژیانیان پشت بەو ئاژەڵانە دەبەستن، زۆرجار كلك و گوێیان دەقرتێنرێت.

پ بۆردن، خانمە بەڕێوەبەری توێژینەوە و پشتیوانی چالاك لە ڕێكخراوی "پاراستنی گوێدرێژەكان"، ڕایگەیاند "ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێتە سەر گوێدرێژەكان زۆر مەترسیدارە لەهەندێك شوێن، كە تێیدا سەر دەبردرێن بۆ ئەو بازرگانییە، ڕێژەكەش زۆر لەوە زیاترە، كە پێشتر دەمانزانی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، خواست لەسەر گوێدرێژ زۆر بەرزە، بەڕادەیەك گوێدرێژە مێینە دووگیانەكان و بەچكە گوێدرێژەكان و گوێدرێژە نەخۆش و بریندارەكان كۆدەكرێنەوە‌و ئامادە دەكرێن بۆ سەربڕین، لەبەرئەوەی نەخۆشی و برینەكان بەڕێژەیەكی زۆر كار ناكەنە سەر كوالێتی پێستەكە، بۆیە بازرگانەكان پاڵنەرێكی كەمیان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاژەڵانە.

لەساڵی ١٩٩٢ەوە، لەبەرئەوەی ژمارەی گوێدرێژەكان لەوڵاتی چین بەرێژەی ٧٦% دابەزیوە، وڵاتەكە ڕووی كردووەتە هاوردەكردن لە وڵاتانەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكانی.

راپۆرتەكە ڕاشیگەیاندووە، كە وەبەرھێنان لە كەرتەكانی خستنەوە و بەخێوكردنی گوێدرێژەكان زۆر پێویستە بۆ زیادكردنی ژمارەیان، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە ماوەی ٢٠ ساڵە تا بگاتە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی "ئیجیاو".

بۆردن ئەوەشی خستەڕوو، كە پڕۆسەی زیادكردنەوەی گوێدرێژەكان زۆر لەسەرخۆیە، ئاماژەی بەوەش دا "مێینەی گوێدرێژ بۆ ماوەی ساڵێك بەچكەكەی هەڵدەگرێت، وە زۆر بە هێواشیش پێدەگات و گەورە دەبێت، هەروەها كە تێكڕای بەرهەمداریش بەهۆی دۆخی كشتكاریەوە كەمە، واتە كشتوكاڵ دەبێتە لەمپەرێك لەبەردەم بەرهەمێنانی تۆوی پێویست بۆ پڕكردنەوەی خواست لەسەر پێست".

سەرچاوە: Arabic RT
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان