یەكلاییكردنەوەی "حساباتی سیاسی" نێوان دیمەشق و كوردانی رۆژئاوا

ڕاپۆرت

27/11/2019‌ 2848 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كە ڕێگەی خۆشكرد بۆ دەستتێوەردان و داگیركارییە سەربازییەكەی توركیا، واشیكرد دانوستانەكانی نێوان دیمەشق و كوردەكان حەتمی بێت، كە ڕەنگدانەوەی گرنگی دەبێت بۆ سەر پرسی تەنگژەی سوریا.

پێش هێرشەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، كوردەكانی ڕۆژئاوا بە تێروانین و وردبوونەوە لە دۆخی ساڵی 2014 سوریا و ڕووداوەكانی دواتری، پێیان وابوو گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەشار ئەسەد لە هەموو سیناریۆكانی دیكە لەپێشترە، باوەڕیشیان وابوو پرسی دانپێدانانێكی نیودەوڵەتی بە ئیدارە خۆسەرییەكەی ڕۆژئاوا، شیمانەیەكی (ئیحتمال) لاوازی هەیە.

بۆ تێگەیشتن لە ئایندە و سیناریۆ شیمانەكراوەكانی پەیوەندییەكانی نێوان كوردەكان و سوریا یان ئەسەد و هێزەكانی سوریای دیموكرات، پێویستمان بەوەیە سێ پرسیاری سەرەكی بخەینەڕوو: یەكەم، ئامانجی كۆتایی سەركردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان چییە؟ دووەم، پشتیوانی دەرەكی ئەمریكا بۆیان چی دەگەیەنێت؟ سێیەم، بژاردە سەرەكییەكانی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان دیمەشق و هێزەكانی سوریای دیموكرات چین؟

ئامانجە ستراتیژییە گەورەكە یان خەونی ڕۆژئاوا؟
ئەم ئامانجەی سەركردەكانی ڕۆژئاوا، ئاستەنگ و بەربەستی سەرەكی دێنەڕێ بۆ یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی سەركەوتوو لەنێوان دیمەشق و كوردەكاندا، چونكە كوردەكانی ڕۆژئاوا ئامانجی سەرەكیان وەك هەرێمی كوردستانی عێراق سەربەخۆییە. 

ئەم ئامانجەش بێ پشتیوانییەكی سەربازی و سیاسی دەرەكی مەیسەر نابێت، ئەو پشتیوانییە دەرەكییە ناهێڵێت دەوڵەتی سوریا وەك بەزرەملێ یەكبخرێتەوە. 

لە 2014 وە بۆ ئێستا، واشنتۆن پشتیوانی سەربازی پێشكەشی ڕۆژئاوا كردووە، ئامانجە ستراتیژییەكەی ئەمریكاش بۆ شكستپێهێنانی داعش بە هۆی پشتیوانی گەورە و گرانی توانستە سیاسی و سەربازییەكانی ڕۆژئاوا بوو. 

لە هەمان كاتیشدا ئامانجی ڕۆژئاوا پاراستنی قەوارە سەربەخۆكەی بوو بە هۆی پشتیوانی ئەمریكاوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئامانجی ئەسەد و ڕوسیایە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی خاكی سوریا.

سەرباری ئەوەش، لەم دواییەدا، هەریەك لە دیمەشق و كوردەكان، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی دۆخە ناوخۆی و دەرەكییەكان، نەرمیان نواند. بۆ كوردیش واباشە بژاردەی دووەم پەسەند بكات، كە یەكلاییكردنەوەی سیاسییە لەگەڵ دیمەشق بۆ گەیشتن بە جۆرێك لەجۆرەكانی دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوانیاندا، چونكە ئەمە جۆرێك لە گەرەنتی مافەكان بۆ ڕۆژئاوا دەستەبەر دەكات لە سوریا.

پشتیوانی ئەمریكا پێویستە بۆ مانەوەی  كوردەكان
سەرباری ئەوەی ئەمریكا بەرەو ئەوە دەچێت، كە بە تەواوی متمانەی خۆی لەدەست دابێت، كوردەكانیش ناتوانن پێشبینی كردەوە و ڕەفتارەكانی بكەن، كەچی هێشتا كوردەكان پێیان وایە مانەوەیان یەكسانە بە بوونی پشتیوانی ئەمریكا، كە پاڵپشتییە سەربازییەكەی شادەماری مانەوەی قەوارە سەربەخۆكەیانە، هێزەكانی سوریای دیموكرات شیمانەی ئەوە دەكەن، كە پشتیوانی ئەمریكا بۆ ئەوان، ڕێگری دەكات لەوەی سوریا بە زۆر و زۆرداری و بێ ڕەزامەندی پێكهاتەكانی وەك قەوارەیەكی یەكگرتوو بمێنێتەوە، تا ئەمریكاش پشتیوانی رۆژئاوا بێت، توانست و هێزیان زیاتر دەبێت بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، بۆیە یەكلاییكردنەوەی سیاسی نێوانیان وابەستەی هاوسەنگی هێزی نێوانیانە.

لە ئێستاشدا حكومەتی سوریا و میلیشیا پاشكۆكانی بۆ كوردەكان باشترن لە توركیا و لایەنە پاشكۆكانی، بۆیە ورەچەرخانی هاوسەنگی هێز بەلای ئەسەددا هەلەكانی مانەوە و بەهێزی كوردەكان زیاتر دەكات.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكانی سوریای دیموكرات و پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) كۆششی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەددا دەكەن و ئامادەشن بۆیان دابشكێنن، ئەگەر لەوە دڵنیابن ئاسایشی خودی و كارگێڕی و سیاسییان پارێزراو دەبێت. 

خۆ ئەگەر سەركردەكانی ڕۆژئاوا، بە تەواوی لە پشتیوانی ئەمریكا دڵنیابان، ئەوا ڕێوشوێن و تەگبیرسازی خۆیان ڕێكخستبوو، ئەو دۆخەی ئێستاشیان نەدەگۆڕییەوە بەو یەكلاییكردنەوە سیاسییەی كە كەمتر لە ئێستایان لێ دەست دەكەوێت.

هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا دەریخست، كە ئەگەر پشتیوانی ئەمریكا بوونی نەبێت، ئەوا هەمیشە ڕۆژئاوا لە بەردەم مەترسی كۆمەڵكوژی دایە یان ناچارە بچێتەوەپاڵ دەوڵەتی سوریا. بۆیە ڕۆژئاوا ئەگەر ناچار نەبێت دەست لە پشتیوانی ئەمریكا هەڵناگرێت و ئەمەش‌ ناكاتە بژاردەی یەكەمی خۆی.

ئەگەر مانەوەی ئەمریكاش لە سوریا تەنیا پەیوەست بێت بە نەوتەوە، ئەوا مانەوەكەی نەك تەنیا نامەشروع و نایاساییە، بەڵكو گرفتێكی گەورەشە و واتای ئەوەیە ڕۆژئاوا ناتوانێت لەسەر پڕۆژەكەی بەردەوام بێت.

هەنگاوهەڵگرتن بە ئاراستەی ئاشتی یان جەنگ
دینامیكییەتی پەیوەندییەكانی دیمەشق و كوردەكان پەیوەستە بە كاردانەوەی هێزە دەرەكییەكانەوە وەك ئەمریكا و ڕوسیا و توركیا. توانستی دیمەشقیش بۆ گێرانەوەی ئاشتییانەی خاكەكەی بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژئاوای كوردستان، پەیوەستە بەو چۆنییەتییەی دیمشەق دەتوانێت ڕۆژئاوا و خەونەكانیان لەخۆ بگرێت.
 
لە نەبوونی پشتیوانی ئەمریكا و بەردەوامی هەڕەشەكانی توركیا، یەكگرتنەوەی قەوارەی سوریا دەكەوێتە بندەستی كوردەكان و ئەمەش بەرئەنجامێكی شیمانەكراوە. ڕوون و ئاشكراشە كە لاتەریككردن و گۆشەگیركردنی كوردەكان وا دەكات شیمانەی شكسپێهێنانیان نزیكتر بێت، بەڵام باجی مرۆیی ئەو كارە قورس دەبێت، بەمەش چارەسەرێكی دوورمەودای پرسی سوریا زۆر دەكێشێت.

لەلایەكی دیكەوە، بەردەوامی پشتیوانی ئەمریكا بۆ ڕۆژئاوا، سیناریۆی بەزۆر خستنەپاڵی ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەتی سوریا كەمتر دەبێتەوە. لەو جوغزەشدا بەردەوامی پەیوەندی كوردەكان لەگەڵ دیمەشقدا پەیوەستە بە دۆخی سیاسی و یاسایی تازەی سوریاوە، ئەو كات  سیناریۆكە ئاشتەواییتر و واقیعییانەتر دەبێت.

سەرچاوە: ئەلمەركەز ئەلكوردی للدراسات 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر