عەلی باباجان هەنگاوەكانی ركابەریكردنی ئەردۆغان دەستپێدەكات

جیهان

28/11/2019‌ 994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس،
عەلی باباجان وەزیری دارایی پێشووی توركیا، كە لە مانگی تەمموزی رابردوو وازی لە پارتی دادو گەشەپێدان هێنا رایگەیاند، دەیەوێت لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ پارتێكی سیاسی نوێ رابگەیەنێت .

باباجان، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ٨ی تەمموزی رابردوو دەستی لە ئەندامێتی ئەو پارتە كێشایەوە و باسی لەوە كرد، كە "ناكۆكی" قووڵی لەگەڵ سەركردایەتی پارتەكە هەیە و جەختیكردەوە، توركیا پێویستی بە "دنیابینییەكی نوێ "هەیە .

باباجان، كە ئێستا تەمەنی پەنجا و دوو ساڵە بە تەلەفزیۆنی "خەبەر تورك"ی راگەیاندووە، تا كۆتایی ئەمساڵ پارتە سیاسییەكەی رادەگەیەنێت، ئەمەش دەستپێكی هەنگاوی ركابەریكردنی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیایە .

سەبارەت بە ناوی پارتە نوێكەی، باباجان باسی لەوە كردووە، كە هێشتا هیچ ناوێكی دیاریكراویان بۆ پارتەكەیان دەستنیشان نەكردووە، بەڵام پارتەكەیان  جوڵانەوەیەكی سیاسی سەرەكی دەبێت لە توركیا .

میدیای توركیا باس لەوە دەكات هێشتا نازانرێت عەبدوڵڵا گولی سەرۆككۆماری پێشووی توركیا، كە ئەویش لە پارتی دادو گەشەپێدان دووركەوتووەتەوە دێتە ناو پارتە نوێكەی باباجان یان نا .

لەو بارەیەوە باباجان رایگەیاندووە، كە ئەو ستایشی دنیابینی گول دەكات و سەبارەت بە ئایندەی توركیاش هەردوولا تێروانینیان وەك و یەكە، بەڵام گول بەشێك نابێت لە جوڵانەوەكەی ئەوان، بەڵكو تەنیا لەڕێگای شارەزایی و ئەزوومەنەكەیەوە لەدەرەوە هاوكاریان دەكات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، كە ئایا وەزیرەكانی پێشووتری پارتی داد و گەشەپێدان وەك سەعدوڵڵا ئەرجین وەزیری پێشووی داد بەشیك دەبێت لە پێكهاتەی نوێ، باباجان رایگەیاندووە، ئەوە لە نزیكەوە كار لەگەڵ ئەوان دەكات ، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە كەسایەتییە كۆنەكانی ناو پارتی داد و گەشەپێدان هەژموونیان نابێت بەسەر پارتەكەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی