مشتومڕەكان بەردەوامن.. پەیكەری سەركردایەتی نوێی یەكێتی چۆن دەبێت؟

ڕاپۆرت

01/12/2019‌ 2852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن لەو وادەیەی دیاریكراوە (7/12/2019) یەكێتی نیشتمانی كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت‌و بۆ ئەوەش ئامادەكارییەكان بەرەو تەواوبوون دەچن.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئەو وادەیەش، زانیاری زیاتر لەبارەی ئامادەكاری‌و رێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنەكانی ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی دەردەكەون، بەتایبەت لەسەر پەیكەری رێكخراوەیی سەركردایەتی یەكێتی.

پۆستی سكرتێر دەگۆڕێت بۆ سەرۆك
ئەوەی زۆرینەی  ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەری كۆكن ئەوەیە، كە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی نەمێنێت، چونكە پێشتر ئەو پۆستە لە دامەزراندنی یەكێتییەوە (1976) تا ساڵی (2017) لای جەلال تاڵەبانی بوو، كە لەو ساڵە بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

ئاراستەكانی یەكێتی پێیانوایە، نابێت پۆستی سكرتێر بمێنێتەوەو كەس وەك جێگرەوەی تاڵەبانی دانرێت، ئەوەش وەك رێزێك بۆ ناوبراو، لەجێگەی ئەو پۆستەش كەسێك دەكرێتە سەرۆكی یەكێتی.

ئەوەی تائێستا هەیە، كە زۆرینەی ئاراستەكان بۆچوونیان وایە، بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، بكرێتە سەرۆكی داهاتووی حیزبەكە، بۆ ئەوەش لێكتێگەیشتنی باش هەیە، بەڵام جگە لەو چەند كەسێكی تریش ئەوەیان راگەیاندووە، خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن، لەدیارترینیان لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتییە.

سەرۆك جێگرێك یان زیاتری دەبێت
پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیش یەكێكە لەمشتومڕەكانی ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی، بەتایبەتی لەنێوان باڵی ماڵباتی تاڵەبانی‌و باڵی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری یەكێتی.

باڵی ماڵباتی تاڵەبانی پێیانوایە، كە دەبێت یەك جێگر بۆ سەرۆك هەبێت‌و بافێڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی مام جەلالیش ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام باڵی كۆسرەت رەسوڵ پێیوایە، دەبێت سەرۆك دوو جێگری هەبێت‌و شاڵاو كۆسەرت رەسوڵیش پۆستی جێگری دووەم وەربگرێت.

باڵی ماڵباتی تاڵەبانی ئەوە رەتدەكەنەوەو پێیانوایە، نابێت كۆسرەت رەسوڵ دەسەڵاتێكی زۆری هەبێت‌و كوڕەكەشی لەلوتكەی دەسەڵات بێت، بۆیە لەسەر ئەو پرسە تائێستا مشتومڕ هەیەو نەگەیشتوون بەئەنجام، هەرچەندە لەو بارەوە گفتوگۆكان بەردەوامن.

ئەنجوومەنێك بۆ كۆسرەت رەسوڵ دروست دەكرێت
بەپێی لێكتێگەیشتنەكان ئەوەی تائێستا هەیە ئەنجوومەنێك بۆ كۆسرەت رەسوڵ دروست بكرێت، كە لەچەند ئەندامێك پێكبێت‌و ئەنجوومەنەكەش هاوشێوەی ئەنجوومەنی پیران، یان ئەنجوومەنی راوێژكاری بێت.

هەر بەپێی لێكتێگەیشتنەكان، ئەنجوومەنەكە دەسەڵاتی هەبێت بۆ بڕیاردان، بەتایبەتی لەپرسە ستراتیژییەكان‌و دەسەڵاتی ڤیتۆشی بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكانی ئۆرگانەكانی تری یەكێتی هەبێت.

پەیكەری مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی دەگۆڕێت
ئێستا پەیكەری یەكێتی بەشێوەیەكە، لەدوای سكرتێر مەكتەبی سیاسی هەیەو چەند ئەندامێك پێكیدەهێنن، بەگوێرەی گفتوگۆی ئاراستە جیاوازەكان، رەنگە گۆڕانكاری لەو مەكتەبەش بكرێت‌و لەجێگەی ئەوە ئەنجوومەنێكی بەرێوەبردن دروست بكرێت.

هەر بەگوێرەی گفتوگۆكان ئەنجوومەنەكە پێنج بۆ حەوت كەس ئەندامی دەبن‌و وەك یاریدەدەری سەرۆك دەسەڵاتیان دەبێت، كە لەسەر چەند ناوێكیش بۆ ئەنجوومەنەكە گفتوگۆ كراوە، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلانەبووەتەوە.

هاوكات لەجێگەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ پارێزگاكان دروست دەكرێت‌و هەر پارێزگایەك ئەنجوومەنی تایبەت بەخۆی دەبێت، هەر شارێكیش لەلایەن ئەندامێكی ئەنجوومەنی بەرێوەبردن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنەكەی دەكرێت.

رۆژی هەینی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوەو تاوتوێی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی كردو بڕیاریدا مەكتەبی هەڵبژاردن بەردەوامبێت لەرێكارەكانی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم، كە بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە لەم هەفتەیە كۆنفرانسی مەڵبەندەكان ئەنجامبدرێت.

هەر لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی تاوتوێی پرسی دواخستنی كۆنگرە كراوە، كە سەرجەم ئەندامانی مەكتەبەكە جەختیان لەبەرێوەچوونی كۆنگرە لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە كردووەتەوە، تەنیا لەئەگەری تەواونەبوونی ئامادەكارییەكان نەبێت، كە ئەوەش دەبێت بۆ چەند رۆژێكی كەم دوابكەوێت.

یەكێتی دەبوو لەكۆتایی 2013 كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، بەڵام ئەوكات بەهۆی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی‌و شەڕی داعش‌و دواتریش بەهۆی ناكۆكی باڵە جیاوازەكان، نەتوانرا كۆنگرە ببەسرێت‌و دواكەوت بۆ كۆتایی ئەمساڵ.