شارپرێس:
ئەندامێكی پێشووی دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئێستا هەر بنەماڵەو گروپێك خاوەنی حزبی خۆیانن، كە لەڕووكەشدا هەڵگری كۆمەڵێك دروشمو چەمكو ناونیشانی گشتین، بەڵام لە جەوهەردا بوونەتە كۆمپانیای پشكداریو كارتێلی بازرگانی.
قادر حاجی عەلی ئەندامی پێشووی دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان لە نوێترین هەڵوێستی خۆیدا لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم لەوتارێكدا رایگەیاندوە" ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر حزبەكانی كوردستان، زۆرنەیان بەشدارو بەرپرسیارن لە دروستكردنی ئەم دۆخە خراپەو سڵ ناكەنەوە لە وێرانكردنی هەموو شتێ بە بەها ڕەمزیو مەعنەوییەكانیشەوە، لەسەرو هەموشییانەوە كوشتنی متمانەی خەڵك، هەر ئەوەشە وایكردووە ڕەوڕەوەی ڕۆیشتن بەرەو بنەماڵەبوونی سیستەمو، بەسوڵتانیكردنی دەسەڵات، بەخێراییەكی ترسناك هەنگاو بنێت".
ئاماژەی بەوەشكردوە، زۆربەی حزبەكان موڵكی خێزانو بنەماڵەی سەركردەكانن، بوونەتە كۆمپانیای زەبەلاحو دەستكەوتی گەورە بۆ خاوەنەكانیان وەدەست دەخەن
ئەو سەركردەیەی پێشووی گۆڕان جەخت لەوە دەكاتەوە، هەموو ئەو ئازادیخوازانەی بەردەوام چاویان لەگۆڕینی ئەم هەلومەرجە كەوتوو و پڕ لەنادادییەیە، بۆ ئەوەی جارێكی تر كاری سیاسی لای خەڵك خۆشەویست بكەنەوە، تا حزبی ڕاستەقینە بتوانێ بە ڕۆڵی مێژوویی خۆی هەڵبسێت.
قادر حاجی عەلی دەشڵێت" ژیانی سیاسی لەكوردستان بەجۆرێك بەر نەفرەت كەتووە، كاتێك بە كەسێك بلێی حزبییە، وەك ئەوە وایە توانجو پلاری لێبدەیت، كە ئەمەش بەرهەمی خراپەكاری حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستانە، بەڵام ئایا دەكرێ ئەمە خاڵی كۆتاییو تەسلیمبوون بێت بەو واقیعە تاریكو سەپاوە؟ ئەكرێت لەم دۆخی كەوتنەدا كە لە پرسەیەكی نیشتمانیی گەورە دەچێت، زۆرینەی خەڵكی ناڕازی لەناو خەمو، ئازارەكانی خۆیدا بێ ئاسۆو نەبوونی دەروویەك بتلێتەوە؟".
ناوبراو باس لە دەستپێشخەریەكی نوێ دەكات و باس لەوە دەكات هەموو ئەوانەی خەمو داڵغەیان لای باری لاری خەڵكەو بە ئومێدی ژیانێكی باشترەوە دەژین، دەبێت سەرمەشقی پرۆژەی هەستانەوەبن، ڕۆشنبیران ئەركێكی مێژووییو گەورەیان لەسەرشانە لە ئاڕاستەكردنی دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی دروست.
هەروەها دەشڵێت"ئەوانەی لە بواری رێكخراوە جۆربەجۆرەكانی مرۆیی و هونەری و كلتوری و ئەوانەی تردا كار دەكەن و دەتوانن رۆڵی گرنگیان هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموومان بتوانین سنورێك بۆ ئەم بەدبەختیو بێكەسییە دابنێین كە بە ئاشكرا بەبەرەی خەڵكەوە دیارە، پێویستە بەدوای ڕێگەچارەیەكدا بگەڕێین كە ئەركی مێژوویی هەموومان لەم قۆناغەدا دیاریبكات."
هاوكات سەركردەكەی پێشووی گۆڕان روونیدەكاتەوە، هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا جگە لەنوزەیەكی لاواز، (نا)و دەنگی ئۆپۆزسیۆنی تێدا نابیسترێت، ئۆپۆزسیۆنە دەنگ بەرزەكەی جاران بەدەستی خۆی ئینتحاری سیاسی كردو، كۆتایی بە قۆناغێكی گرنگ لەچاوەڕانیی دونیایەكی باشتر هێنا.
لەشێكی دیكەی وتارەكەی قادر حاجی عەلی ئەوەش باس دەكات كە یەكێك لەڕێگا گونجاوەكان لەم قۆناغەدا ئەوەیە، لە دەرەوەی ئەم پەرلەمانو حكومەتو حیزبانە، خەڵكی كوردستان خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە دروستبكات، بەهەر ئامرازێك لەو ئامرازانەی شیاوە خەباتی خۆی بكات.
پیشنیازی ئەوەش دەكات هەموو ئەوانە لەچوارچێوەیەكدا ئەگەر حزبو ڕێكخراوی سیاسیش نەبێت بەهەماهەنگی و كاری جەماعی خۆی ڕێكبخات بۆ بەرزكردنەوەی دەنگو داواكارییەكانیو قوتاربونی لەدەستی حزبو بنەماڵە سیاسییەكان، پێشنیازیش دەكات بۆ ئەوەی نرخ بۆ ئۆپۆزسیۆن بگەڕێنینەوە، دەبێت بەدوور بگیرێت لەهەموو بەشداریكردنێكی ئەم حزبانە یان ڕازیبوون بە بە بوون بە پەراوێزێك لە بەشداریدا بەرامبەر بە تەسلیمكردنی ئیرادەو توانەوە لەناو دەسەڵاتدا.
س.هـ