یەكێتی دەتوانێت هاوسەنگی هێز لەهەرێم بگێڕێتەوە؟

کوردستان

03/12/2019‌ 2764 جار خوێندراوه‌ته‌وه

چاوەكان بۆ لەسەر كۆنگرەی چوارەمە؟
ئایا یەكێتی دەتوانێت هاوسەنگی هێز بگێڕێتەوە؟
ئەگەر دەتوانێت بەرنامەو میكانیزمی بۆ هەستانەوە چییە؟

ناوەندەكانی سەركردایەتی‌و رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان 
سەرقاڵن بەئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەم كە بڕیارە لە 7/12/2019 ببەسترێت 
دوای 10 ساڵ لەپاش كۆنگرەی سێی ئەو حیزبەو لەدوای نەخۆشكەوتن‌و 
دوركەوتنەوەی یەكجاری رابەرەكەیان "جەلال تاڵەبانی" دۆخی یەكێتی رووی لەخراپبوونی زیاتر كرد 
لەسەروبەندی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی چوار هەواڵ‌و زانیاری جۆراوجۆر دزەی كردووە 
یان دزیان پێكراوە بەئاراستەی ئامانجی هەستانەوەی یەكێتی
بۆیە زۆربەی چاوەكان چوونەتە سەر ئەنجامی ئەو كۆنگرەیە
لەئێستادا وردەكارییەكان پەیوەستن بەرێكخستنی داهاتووی ئۆرگانەكانی یەكێتی‌و
پاراستنی هاوسەنگی هێز لەهەرێمی كوردستان
ئەمەش لە چەند هەفتەی داهاتووداو لەكاتی بەستنی كۆنگرەكەدا زیاتر رووندەبێتەوە 
كە ئەو زانیارییانە بۆ پروپاگەندە بووە یان بەراستی خواست بۆ چاكسازی‌و هەستانەوە هەیە
یەكێتی نیشتمانی یەكێكە لەجەمسەرەكانی ژیانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان 
لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا 
هەژموون‌و پەیوەندییە سیاسی‌و ئەمنییەكانی خۆیان لەهەرێم سەپاندووە
یەكێتی‌و پارتی لەماوەی رابردوو لەگەڵ وڵاتە جیاوازەكانی ناوچەكەدا توانیویانە پارێزگاری 
لەهاوسەنگی وردی پەیوەندییەكانیان بكەن بەتایبەتی لەگەڵ ئێران‌و توركیاو ئەمریكا
دامەزرێنەرو "رابەرە مێژووییەكەی" یەكێتی جەلال تاڵەبانی
ئەو هاوسەنگییەی وەك بنەمای پارێزەری پێگەو جێگیری دۆخی كورد ئەژمار كردووە لەعێراقدا
بەڵام ئێستا هەژموونی پارتی وایكردووە لاسەنگییەكی زەق دروست بێت
بۆیە گرنگە پرسیاری ئەوە بكرێت یەكێتی دوای كۆنگرە دەتوانێت هاوسەنگی هێز بگێڕێتەوە 
یان درێژە بەدۆخی ئێستای دەدات؟

رێكخستنی رێكخراوەیی 
بەگوێرەی پەیرەوی ناوخۆی تایبەت بەیەكێتی دەبوو
كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە پێنج ساڵ پێش ئێستا ببەسرایە
بەڵام دۆخی سیاسی‌و ئەمنی یەكێتی وایكرد دوا بكەوێت‌و
مەكتەبی سیاسی یەكێتی-یش جار لەدوای جار بەهانەی ئەوەی هێناوەتەوە 
لەپێناو پارێزگاریكردن لە "یەكێتی ناو یەكێتی" كۆنگرە دواخراوە
بەڵام لەم دوایانە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی
بڕیارێكی یەكلاكەرەوەیدا لەسەر بەستنی كۆنگرەی چوارەم 
ئێستا ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی وەك سەكۆی رێكخستنی هاوسەنگییەكانی ئەو حیزبە دەردەكەوێت
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەنجوومەنە خاوەن پرۆژەیەكی دیاریكراو نییەو 
ئەوەی هەیە زیاتر پرۆژەی كەسێتین نەك دامەزاوەیی 
لەگەڵ ئەوەش دەسەڵاتی رێكخستن‌و ئیدارەی كۆنگرە دراوەتە ئەنجوومەنی سەركردایەتی 
بۆ ئەوەی پارێزگاری لەیەكێتی نێوخۆی حیزب بكات
لەو بارەوە سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی ئەوەی روونكردەوە
ئاڵەنگارەكانی رێكخستن لەكۆنگرەدا دوو بایەتی سەرەكی دەبن 

یەكەم
ئەم كۆنگرەیە یەكەمین جارە لەپاش نەبوونی جەلال تاڵەبانی دەبەسترێت 
كە هەموو جارێك دەیتوانی ناوەندێتی هێزو هاوسەنگییەكان لەناو یەكێتدا رێكبخات 
سەرەرای ئەوەی لەرووی دیدگای سیاسی و جوگرافییەوە تا رادەیەكی زۆر جیاوازییان هەبووە

دووەم
ئاڵەنگاری دووەم خۆی لەتوانای كۆنگرەدا دەبینێتەوە لەرێكخستنەوەی پەرتەوازەیی رێكخستن و 
ئامادەسازی بۆ ئەوەی ببێتەوە بەخاوەن موبادەری سیاسی

رێكخستنەوەی سەركردایەتی
سەركردایەتی یەكێتی زیاتر لەسێ جەمسەری جیاواز لەخۆدەگرێت
كە هەریەكەیان دەیەوێت رووبەرێكی فراوانی گەورە لەپۆست و ئۆرگانەكان 
لەناو یەكێتیدا بۆ خۆی مسۆگەر بكات
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی 
كە ئێستا بەكەسی یەكەمی ناو یەكێتی ئەژمار دەكرێت
چەندین دەیەیە سەركردەیەكی دیارە لەرێزەكانی هێزی پێشمەرگە
ئەو دەیەوێت دەسەڵات‌و هەژموونی خۆی وەك "رابەر" لەناو یەكێتیدا بهێڵێـتەوە
سەرەرای ئەوەش كوڕەكانی "دەربازو شاڵاو" رۆڵێیان هەبێت لەداهاتووی یەكێتیدا
هەروەها خانەوادەی تاڵەبانی جەمسەرێكی تری یەكێتین
 ئەوانیش دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر داهاتووی یەكێتییەوە بهێڵنەوە
جگە لەو دوو جەمسەرە باس لەرۆڵی میانەرەوی بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی-یش دەكرێت
كە لەدوای گەرانەوەی بۆ ناو یەكێتی‌و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری 
چاوی لەسەرە خاوەن پرۆژە بێت بۆ تێپەراندنی دۆخی ئێستای یەكێتی 
جگە لەوانیش چەند  سەركردەیەكی تر هەن هەرەیەكیان دەیانەوێت رۆلێكی تایبەتیان هەبێت. 
لەوانە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی حاكم قادر‌و چەند سەركردەیەكی تر
بۆ دووبارە رێكخستنەوەی هەیكەلی سەركردایەتی یەكێتی
بەشێوەیەك باس دەكرێت كەسی یەكەم  یەك جێگر یان زیاتری هەبێت 
كە دەبێـت جێگرەكان دەسەڵاتی دیاریان هەبێت بۆ بڕیاردان 
بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكان دابەش بكرێن لەنێوان سەركردە جیاوازەكانی یەكێتیدا 
جگە لەوەش هەندێك لەسەركردەكان ئەوەیان پێشنیاز كردووە كەسی یەكەم  كۆدەنگی لەسەر بێت 
هەر چەندە لەناو سەركردەكاندا ناوی بەرهەم ساڵح دەهێنرێت  بەڵام  تا ئێستا دیار نییە 
كام لەسەركردەكانی تر خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكەن‌و كێ چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە

ئاڵەنگاری سیاسی
چاودێرانی  سیاسی لەهەرێمی كورستان ئاماژە بۆ دەكەن
لەكۆنگرە كێشەكانی یەكێتی بریتی دەبێت لەبابەتی رێكخستن و 
دۆزینەوەی دەریچەیەك بۆ قوتار بوون لەدۆخی ئێستایان
بەڵام لەراستیدا كێشەكانی بەردەم ئەو حیزبە لەوە گەورەتر دەردەكەون
پرسیاری كادرو ئەندامان‌و دۆستەكانیشیان زیاتر ئەوەیە 
ئاخۆ دوای كۆنگرە پێگەی سیاسی یەكێتی لەنێو هەرێم چی دەبێت؟
بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەرێكەوتنی سیاسی و حكومی لەگەڵ پارتی 
كە زۆربەی چاودێران وایدادەنێن رێككەوتنی هەردوو حیزب بەم شێوەیەی ئێستا 
قازانجی بۆ خۆیان و زیانی بۆ خەڵك و ئاراستەی دیموكراسی هەبووە 
بەتایبەت خەڵكی ناوچەی سلێمانی 
هەندێكیش لایان وایە چەقی ئەم رێككەوتنە پشك پشكێنەیە 
ئەمەش پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و دوركەوتنەوە لەپرسی دیموكراسی لەهەرێم
بۆیە زۆرێك لەچاودێران سەركەوتنی كۆنگرە دەبەستنەوە بەوەی 
ئایا یەكێتی دوای كۆنگرە دەتوانێت ببێتە خاوەن هەڵوێستێكی روونی چەسپاو 
لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری لەهەرێم؟ 
یان دەتوانێت وەڵامی بۆ پرسی پێگەگەی لەهاوسەنگییە ناوخۆیی‌و هەرێمییەكان هەبێت؟
لەو بارەوە هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی باس لەوە دەكەن 
یەكێتی پێگەیەكی بەهێزی لەناوچەكە هەیە بەڵام بەهۆی دۆخی ناوخۆیەوە نەیتوانیوە \
ئۆرگانەكانی بەكاربهێنێت بۆ رێكخستنی ناوچە نفوزی خۆی 
بۆیە یەكێك لەپێشنیازەكان لەبەردەم ئەو حیزبە ئەوەیە 
كە كۆنگرە راسپاردەی ئەوە بخاتە سەر شانی سەركردەكان‌و سەرۆكەكەی 
بەشێوەیەك نەك هەر یەكێتی لەپەرتەوازەیی قوتار بكات 
بەڵكو یەكێتی بكرێت بەچەتری كۆكردنەوەی هەموو تواناو وزەكان 
كە ئەمەش بە یەكێك لەرێگا سەركەوتوەكان دەزانرێت بۆ گەرانەوەی هاوسەنگی‌و 
دوركەوتنەوە لە پەرتەوازەیی ئێستایان