لەدوای 6 ساڵ هەرێمی كوردستان دەبێتەوە خاوەن بودجە

ئابوری

03/12/2019‌ 1158 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
لەدوای شەش ساڵ لەنەبوونی بودجەی هەرێمی كوردستان ، چاوەڕێ دەكرێت ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بودجە بنێرێتە پەرلەمان و وتەبێژی وەزارەتی دارایش دەڵێت: زۆربەی كارەكانی لیژنەكە تەواو بووە.

ئەحمەد عەبدولرەحمان وتەبێژی وەزارەتی دارایی  حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشارپرێسی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی خەریكی ئامادەكاری و دانانی پڕۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2020ی حكومەتی هەرێم بوون كارەكانیان تەواو كردووە، بەڵام لەئێستادا خەریكی گفتوگۆكردنن لەگەڵ حكومەتی عێراق و دەیانەوێت بەرچاوڕوونی زیاتریان هەبێت.

وتەبێژەكەی  وەزارەتی دارایی وتیشی: بەخۆشحاڵییەوە دانوساندنەكان لەگەڵ بەغدا هەنگاوی باشی بڕیووەو بەوهیوایەن بگەنە رێككەوتنێك، كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عێراقدا بێت.

لەساڵی 2014وە بەهۆی ئەوەی قەیرانی دارایی رووی لەهەرێم كردووە، حكومەت پرۆژەی بودجەی نەبووەو داهاتەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی‌و بەبێ‌ یاسا خەرجكراون.

لای خۆیشییەوە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەشارپرێسی وت: لاوازترین خاڵی ئەم كابینەیە نەبوونی پرۆژەیاسایی بودجەیە، بۆیە هیوادارین لەم كابینەیەدا بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و لەپەرلەمان پەسەند بكرێت.