لەپەرلەمانی عێراقەوە هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی رێككەوتی هەولێرو بەغدا دەكرێت

عیراق

04/12/2019‌ 3003 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەرۆژی دووشەممەوە شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی رێكەوتنێكی نەوتی نوێ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە واژوو بكەن بەمەبەستی سڕینەوەی ئەو قەرزانەی بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی ساڵانی رابردووی بە حكومەتی بەغدا كەوتبووە سەر هەرێمی كوردستان، بەجۆرێك لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ وە هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغدا بكات، بەڵام بە قسەی هاوپەیمانییەكە لەگەڵ گەیشتنی رێكەوتنەكە بە پەرلەمان هەڵدەوەشێنرێتەوە و قبووڵ ناكرێت .

حەنین قەدۆ پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكدا دەڵێت: شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەیانەوێت ژمارەیەك ڕێكەوتننامەی نەوتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوە واژوو بكەن لەناو یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یش جێگیری بكەن.

بە قسەی قەدۆ ناوەرۆكی ڕێكەوتنەكە بەجۆرێكە هەموو ئەو قەرزانەی لەساڵانی رابردوو كەوتوونەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتەوە بە حكومەتی بەغدا دەسڕدرێنەوە. 

هەروەها دەڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیك نەوت رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەكات، ئەو برە نەوتەی تریش، كە هەرێم خۆی دەیفرۆشێت بۆ دانەوەی قەرزو حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان، كە لەهەرێم كار دەكەن دەبێت .

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كورد پەلەیانە پێش رۆیشتنی عەبدولمەهدی زۆرترین دەستكەوتیان دەستبكەوێت، بەڵام ئەو ڕێكەوتنانەی هەرێم لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی كردوویانن تێناپەڕن و لە پەرلەمانی عێراق رەتدەكرینەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی