دەنگۆی گەڕانەوەی بودجەی حیزبەكانی هەرێم لەئارادایە

ڕاپۆرت

04/12/2019‌ 1534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
دەنگۆی گەڕانەوەی بودجەی  حیزبەكان لەئارادایەو پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: لەكۆبوونەوە داخراوەكان پەرلەمانتاری چەند حیزبێك داوایان لەسەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە  پێویستە بەیاسا بودجەی حیزبەكان بگەڕێتەوە.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان تایبەت بەشارپرێسی   راگەیاند، ئێمە لابەلا ئەوەمان بیستووە، كە بودجەی حیزبەكان دەگەڕێتەوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی ئەمەمان لەحكومەت نەبیستووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، كە پێویستە بەرەچاوكردنی رێژەی دەنگدەران‌و ژمارەی كورسی پەرلەمانی بودجەی حیزبەكان خەرج بكرێت و بۆیان بگەڕێتەوە.

لەساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی حیزبەكان راگیرا، كە هەر لەو ساڵەدا، پەرلەمانی كوردستان یاسای حیزبەكانی پەسەند كردو بەپێی یاساكە حیزبەكان بەپێی ژمارەی كورسی پەرلەمانی بودجە لەحكومەت وەردەگرن.

شارپرێس لەچەند سەرچاوەیەكی افەرمییەوە ئەوەی زانیوە، بەشێوەیەكی نهێنی بودجەی حیزبەكان گەڕێنراوەتەوەو ئەو حیزبانەی مۆڵەتیان هەیە 250 ملیۆن دینار بەشێوەی مانگانە وەردەگرن‌و حیزبەكانی تریش بەپێی كورسییەكانیان.

لای خۆیشییەوە كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەلیژنەی یاسایی بەشارپرێسی وت: لەراستیدا چەند جارێك لەكۆبوونەوە داخراوەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان باسی ئەوە كراوە، كە پێویستە بەپێی یاسا بودجەی حیزبەكان بگەرێتەوە.

دەنگۆكانی گەڕانەوەی بودجەی حیزبەكان لەكاتێكدایە، كە هەرێمی كوردستان بەتەواوی قەیرانی دارایی تێنەپەڕاندووەو چەندین بواری تر هەیە پێویستە حكومەت بودجەی بۆ دابین بكات، نەك حیزبەكان.

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان پێویستییەكی زۆری هەیە بۆ دابینكردنی بودجە، بەڵام زۆرێك لەلایەنەكان سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت حیزبەكان بودجەیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

لەو بارەوە هیوا سەید سەلیم  ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشارپرێسی وت: بەداخەوە لە 2013 بودجەی حیزبەكان بڕدراوەو لەو كاتەوە هیچ بودجەیەكمان لەحكومەت وەرنەگرتووە، پرسی گەڕانەوەی بودجەی حیزبەكانیش كارێكی باشە، بەڵام بەفەرمی هیچ شتێكمان نەبیستووە.