تەیف سامی.. ئەو ژنەی چارەنووسی هەموو عێراق لەدەستی ئەودایە

ڕاپۆرت

05/12/2019‌ 14494 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ڕێژەن جەمال
ماوەی 18 ساڵە لەپۆستێكی هەستیاری عێراقدایە، هەموو سەرۆك وەزیرەكانی دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق سەروكاریان لەگەڵیدا هەبووە، دینار بە دیناری عێراق و بودجەی وڵات ئەگەر ئەو ڕازی نەبێت جێگیر ناكرێت، دەسەڵاتەكانی بەراورد بەپۆستەكەی ئەفسانەییە و زۆر جار تا ئاستی سەرۆك وەزیران و  وەزیری دارایی لەبابەتەكانی پەیوەست بە پارە و بودجە دەسەڵاتی هەیە، ئەو بڕیار لە دامەزراندنی هەر فەرمانبەرێك دەدات كە لە عێراق دابمەزرێت، چەندین جار هەوڵدراوە لە پۆستەكەی دوربخرێتەوە، بەڵام هێزێكی گەورە لە پشتیەوەیەتی ئەویش توانا و لێهاتووییەكەیەتی لە بواری دارایی و ئامادەكردنی بودجەی گشتی عێراق، ئەو خانمەش تەیف سامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بودجەیە لە وەزارەتی دارایی عێراق.

ساڵی 2003 لەپاش پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق تەیف سامی، یاخود كە لەنێو عێراقییەكاندا بە "ست تەیف" ناویدەهێندرێت، بەفەرمانی ڕاستەوخۆی پۆڵ بریمەر، حاكمی ئەوكاتەی عێراق لەپۆستی "بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق" دامەزرێندرا، لەوكاتەوە تا ئێستا تەیف سامی بەرپرس بووە لە ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكانی بودجەی گشتی عێراق بە بودجە باش و خراپەكانەوە.

چارەنوسی چەندین ملیۆن فەرمانبەری عێراق لەدەستی تەیف سامیدایە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی سەرۆكی حكومەت بەو خانمەی بەخشیوە، گواستنەوەی فەرمانبەر لەوەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی دیكە، هەروەها بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران، تەنانەت دامەزراندنی خودی فەرمانبەریش لە عێراق بەبێ ڕەزامەندی و واژۆی تەیف سامی تێناپەڕێت.

دەسەڵاتی تەیف سامی هەر لەوەی باسمانكرد كورت نابێتەوە، بەڵكو زۆرجار لەئامادەنەبوونی وەزیری دارایی عێراق، خۆی پۆستی وەزیر و هەندێك جاریش بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق پڕدەكاتەوە، بۆیە زۆرجار دەگوترێت (تەیف سامی) زیاتر لە وەزیرێك.

لەنێو دروشمەكانی خۆپیشاندەرانی ئێستای عێراق تەیف سامی كەسێتییەكی نەخوازراوە، هەندێك لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لەشاری بەغدا تەیف سامی بە "ئەندازیار و عەرابی گەندەڵی لە عێراق" تۆمەتبار دەكەن، باشە كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ماوەی 18 ساڵە لەپۆستێكی هەستیاری وڵاتدا تەیف سامی ماوەتەوە؟ لەوكاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، هەوڵێكی گەورە هەبوو بۆ دورخستنەوەی تەیف سامی لەپۆستەكەی، تەنانەت لەچەند هەفتەی ڕابردووشدا هەریەكە لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێككەوتبوون بۆ دورخستنەوەی ست تەیف لەپۆستەكەی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەو خانمە بەرپرسە هەم كۆتایهاتنی ویلایەتی یەكەمی حەیدەر عەبادی و هەم دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بە چاوی خۆی بینی و ئەو هێشتا لە پۆستەكەی خۆیدایە.

عێراقییەكان لەبارەی دورنەخستنەوەی تەیف سامی لەپۆستەكەی شتێكی دیكە دەڵێن، ئەوان دەڵێن ئەو خانمە زانیاری تەواو وردی هەیە لەسەر ئەوەی پارەكانی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ كوێ و بۆ كێ براون، تەنانەت زانیاریی تەواوی هەیە لەسەر گەندەڵییە داراییەكانی عێراق و بەرپرسە گەندەڵەكانی وڵات، دەشڵێن تەیف سامی ئەمریكای لە پشتە بۆیە دورخستنەوەی ئەو لەپۆستەكەی، كاری نەكردەیە.

تەیف سامی بەوە ناسراوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەرپرس و نوێنەرە كوردەكان لە بەغدا و پەرلەمانی عێراق هەیە، ساڵانەش لەكاتی داڕشتنی بودجەی گشتی عێراق هاوكاری هەرێمی كوردستانە و تەنانەت لەبودجەی ساڵی داهاتووی عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی جێگیركردووە، لەگەڵ ئەوەی ڕەخنەی زۆریش دەگیرێت لە پابەند نەبوونی هەرێم بە بودجەی ساڵی 2019ەی عێراقەوە.

لەو سەردانانەی ئەمجارەی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا كە تایبەت بوو بە پرسی پشكی هەرێم لە بودجە، تەیف سامی چاوی بە شاندەكەی هەرێم كەوتووە و داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق وەرگرتووە.