پشكی هەرێم لەبودجەی ساڵی داهاتووی عێراق

عیراق

05/12/2019‌ 1282 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ ئاشكراكرد، ئەوەش لەدوای سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق .

حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لەلێدوانێكدا دەڵێت: شاندی هەرێم لەگەڵ حكومەتی بەغدا ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بكات.

هەروەها دەڵێت: شاندی هەرێم داوایان كردووە پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی ١٤% بێت لەجیاتی ١٢،٧%"..

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا قەدۆ باسی لەوە كردووە، كە شاندی هەرێم رازی بوون پشكی هەرێم ١٢،٧% بێت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمیش رادەستی بەغدا بكەنەوە و نیوەكەی تریشی بۆ حكومەتی هەرێم بێت.

بەقسەی قەدۆ دۆخی سیاسی ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی ناچاركردووە لە دۆسییە ناكۆكەكاندا سازش بۆ بەغدا بكەن .

لەساڵانی رابردوو بابەتی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بەبەغدا یەكێك بوو لە خاڵە سەرەكییەكانی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەشێوەیەك پەرلەمانتارانی عێراق هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد، كە بەبێ رادەستكردنی نەوت بە بەغدا هەرگیز ڕیگە نادەن جارێكی تر بەغدا پشكی هەرێم رەوانە بكات .