شارپرێس:
بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی دوای ئەوەی لەلایەن چەكدارانی نەناسراو و نیشانەشكێنەكانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران كرا، هێزێكی سوپای عێراق گەیشتوونەتە گۆرەپانی تەحریر لەناوەراستی بەغدا .
بەگوێرەی شایەتحاڵەكان، ئەمڕۆ شەممە هێزەكانی سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵی دۆخی ئەمنی گەیشتوونەتە پردی سنك، ئەویش دوای ئەوەی چەند ئۆتۆمبیلێك دزەیان كردە ناوچەكە و بە فیشەكی زیندوو هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران و ٦ خۆپیشاندەریان كوشت و دەیانیشیان بریندار كرد .
ئەو شایەتحاڵانە بەئاژانسی سپۆتنیكی وتووە، چەكدارە نەناسراوەكان بۆماوەی كاتژمێرێك زۆر بەچڕی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە، كە بەقسەی ئەو كەسە یەكێك لە چەكدارە دەمامكدارەكان چەكی نیشانەشكێنی پێبووە .
دوێنی بەهۆی تەقەی چەكدارە نەناسراوەكان لە خۆپیشاندەران لە نزیك پردی سنك و لەنزیك گۆڕەپانی تەحری لە ناوەراستی بەغدا ، شەش خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و ٤٠ كەسی تریش بریندار بوون
ئەو شایەتحاڵانە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری "پیك ئەپ"، كە چەند كەسێكی تێدا بووە هاتوونەتە گۆرەپانی تەحریر و داوایان كردووە لە پردی سنك بپەڕنەوە بەو بیانووەی خواردن و ژەمی ئێوارە بۆ خۆپیشاندەران دەهێنن .
دوای ئەوەی ئۆتۆمبیلەكە گەیشتووەتە پردەكە چەند چەكدارێك دابەزیون، كە ٤ چەكی "بی كەی سی"یان پێبووە و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر شەهید و بریندار بوون ، دواتریش چەكدارە نەناسراوەكان بەرەو شەقامی رەشید رۆیشتوون و ناوچەكەیان جێهێشتووە .
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان ، خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی تەحریر و نزیك پردی كۆماری و سنك و ئەحرار لەلایەن خەڵكانی دەمامكردارەوە رووبەڕووی كردەوەی توندوتیژی وەك كوشتن لەڕێگای تەقەلێكردن و هێرشكردن بە گازی فرمێسكڕژێن و پەلاماردان بە چەقۆ دەبنەوە ، ئەوە جگە لە هەڕەشەكردن و رفاندنی چالاكانی خۆپیشاندانەكان .
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی ناو كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقیش ، تا ئێستا ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی عێراق لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەراست و باشووری عێراق گەیشتۆتە ٤٠٠ كوژراو و ١٩ هەزار بریندار.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی