سەرۆككۆماری عێراق و پادشای ئوردن پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

عیراق

07/12/2019‌ 154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆماری عێراق و  پادشای ئوردن پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێكرد.

 بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار پەیوەندییەکی تەلەفونی لە شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن پێگەیشت و لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا شاعەبدوڵا، پشتیوانی ئوردنی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و پێشکەوتنی عێراق دەربڕی، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی گەلی عێراق بپارێزێت و ببێتە هۆی ڕێگری لە رشتنی خۆینی ھاووڵاتیانی."

ئاماژە بەوەشدراوە، شاعەبدوڵا، جەختی لە پشتگیری ھەوڵەکانی عێراق بۆ ھێورکردنەوەی دۆخەکەو دەستەبەرکردنی خواستەکانی گەلی عێراق کردەوە، لە پێناو بەھێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی سەربەخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی و تێکدانی ئاسایش تێیدا، ھاوکات ڕێگریکردن لە دوبارە سەرهەڵدانەوەی ھەر گروپێکی تیرۆریستی تاوانکار، کە گەلی عێراق بە ئازایانە لە ڕابردوودا ڕووبەڕوویان بوونەوە بەھەموو پێکھاتەکانیانەوە، لە چوارچێوەی ھەستانەوەی دووبارەی عێراق و ئاوەدانکردنەوەی ئەو جێگایانەی کە تیرۆر تێکیداوە، هەروەها ببێتە ھۆی بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆ و یەکریزی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق، بۆگەیشتن بەپێگەی سروشتی خۆی لەناوچەکە و جیھاندا".

"هەر لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی جوامێرانەی شاعەبدوڵا و گەلی ئوردنی سەبارەت بەگەلی عێراق دەربڕی و ھیوای تەندروستی بۆ شاعەبدوڵا و سەربەرزی بۆ گەلی ئوردنی خواست." راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك كۆمار وادەڵێت.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئەوەشخراوەتەڕوو، بەرھەم ساڵح جەختیکردەوە لەو ھەوڵانەی کە دەدرێن لە پێناو پاراستنی یەکریزی گەلی عێراق و یەکخستنی وتارەکان بە جیاوازی پێکھاتەکانیانەوە، لەبەرامبەر مەترسییەکان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا و سەرخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەھێزکردنی ئازادی و دیموکراسی و بەدیھێنانی چاکسازی.

باسلەوەشكراوە،" لەدرێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆکكۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق بەڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پشتگیری وڵاتانی دۆست بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستای عێراق.

لەکۆتاییدا سەرۆکكۆمار و پادشای ئوردن جەختیان کردەوە لە پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و ھاریکاری نێوان عێراق و ئوردن، کە ببێتە مایەی بەھێزکردنی سەقامگیری ئاسایش و پێشکەوتنی ناوچەکە لەم بارودۆخە ھەستیارەدا کەپێیدا تێدەپەڕێت.