پێشبینی روودانی قاتوقڕی دەكرێت لە جیهاندا

جیهان

08/12/2019‌ 937 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تیمێك زانای نێودەوڵەتیی دەڵێن گۆرانكارییەكانی كەشوهەوا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاو لە رەنێوهێنانی بەرهەمە كشتوكاڵی و دەریاییەكان لە سەرانسەری جیهاندا، كە سەرەنجام ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی برسێتی و قات و قڕی لەسەر زەوی .

پێگەی " Phys.org " بڵاویكردەوە، كە زاناكانی بواری كەشناسی دانیان بەوەدا ناوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا ناتوانرێت ئاستی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە هەوادا كەمبكرێتەوە، تەنانەت لەوبارەیەوە دەگەینە خاڵی نەگەرانەوە.

هەروەها ئامانجی ئەو لێكۆڵینەوە و توێژینەوانەی ئێستا دەكرێن پێشبینی كردنی دۆخی مرۆڤایەتییە لەم سەدەیەدا، بۆ ئەوەش زاناكان وێنەی نموونەیەكی تیۆری پێشبینییەكانیان لەسەر دۆخی دوو سەرچاوەی ماددە خۆراكییەكان كێشاوە، كە ئەوانیش كشتوكاڵ و ماسییە .

بۆ ئەوەش زاناكان ناوچە كشتوكاڵییەكان و ناوچەكانی راوی ماسییان لەبەرچاو گرتووە، هەروەك ئەو كاریگەرییەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لەسەر ئەو ناوچانە دەیبێت، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و ئەو ئاكامە خراپەی تووشی ناوچە كەمەرییەكان دەبێت، لەبەرانبەردا ئەو كەشوهەوایە دۆخێكی گونجاو بۆ كشتوكاڵكردن لە نیوەی باكووری گۆی زەوی دەخوڵقێنێت وەك باكووری روسیا و كەنەدا .

لە خراپترین سینارۆیۆكان باس لەوە كراوە، كە تا كۆتایی ئەم سەدەیە  لەسەدا ٩٠ی خەڵك لەو ناوچانە دەژین، كە بەرهەمهێنانی ماددە خۆراكییەكانی تێدا كەمدەبێتەوە و دەگاتە نزمترین ئاست. 

بەجۆرێك كەمبوونەوەكە لەكەرتی كشتوكاڵی ٢٥% و لە كەتی راوی ماسی ٦٠% دەبێت ، هەروەك وڵاتە هەژارەكان زیاتر كاریگەر دەبن بەدیاردەی قەتیسبوونی گەرمی .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵ