پەیامەکەى کاردانەوەى فراوانى لێدەکەوێتەوە
بە ئاشکراکردنى چەندین دۆسیەى گەندەڵى وەڵامى دەستکەوتەکانى مەسرور بارزانى دەدرێتەوە

کوردستان

08/12/2019‌ 2001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى لەسەر چەندین پرسى کابینەکەى بڵاوکردەوەو ئەو پەیامەش زۆرترین کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە.


شەوى رابردوو مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى تێپەڕبوونى ١٠٠ رۆژ بەسەر کابینەکەیدا پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەى بەو دەستکەوتانە کردوە کە کابینەکەى لەماوەى ئەو سەد رۆژەدا بەدەستى هێناوە.


سەرۆکى حکومەت لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بە پرسى هەرێم و بەغداو پرسى بەگژداچوونەوەى گەندەڵی و رۆتین کردوەو هەروها باسى لە چەندین پرسى ئابورى و ئیدارى کابینەکەى لەماوەى ئەو ١٠٠ رۆژەدا کرد.


ئەم پەیامەکەى مەسرور بارزانى زۆرترین کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناو بەشێک لە پەرلەمانتاران و رۆژنامەنوسان و چاودێرانى سیاسى رەخنە کابینەکەى مەسرور بارزانى دەگرن و پێیانوایە کە نەیتوانیوە کابینەکانى رابردوو تێپەڕێنێت و گۆڕانکارى جدى و ریشەیی بکات.

لەوبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لە تویتەر نوسیویەتى"تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجە نەکاتە پرۆژە یاسا و نەینێرێتە پەرلەمان و خەلک نەزانێت داهات و خەرجی چەندە و چۆنە،هەر باسکردنێکی شەفافیەت جگە لە قسە هیچیتر نیە".


ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەوە چ حکومەتێکە کە بێ یاسا داهات و خەرجی ئیدارە ئەدا و باسی سەروەری یاساش ئەکا؟شەفافیەت بە یاسا بەرجەستە ئەبێ نەک قسە.

یەکێک لەو پرسانەى کە سەرۆکى حکومەتى هەرێم بە شانازییەوە بۆ کابینەکەى باسیکرد، پرسى شەفافیەت بوو لە پرۆسەى نەوتدا کە بەوتەى ئەو ئءێستا هاوڵاتیان دەزانن نەوت هەرێم و داهاتەکەى چەندە.


لەسەر ئەو پرسەش عەبدوڵا مەلا نورى پەرلەمانتارى پێشوى کوردستان دەلێت" نەک هاوڵاتیان تەنانەت پەرلەمانتارانیش نازانن داهات و خەرجی ئەم وڵاتە چەندەو چۆن سەرف دەکرێت و نازانن بڕی راست و دروستی بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، نازانن قەرزەکانی سەر هەرێم چەندن، بۆچی قەرزەکان کران، لە کێ وەرگیران بۆچی قەرزاربوین".


ئاماژەى بەوەشکردوە، سەیرە ئەو شەش ساڵە پەرلەمان بودجەی پەسەند نەکردوە، هیچ داتایەک لە بارەی داهات و خەرجیەکانەوە نەخراوەتە روو تا ئەم ساتەش زانیاری دروست لە خەڵک دەشاردرێتەوە وەلێ سەرۆکی حکومەت باسی ئەوە دەکات هەمو زانیاریەکی خستوەتە روو.


هەر لەسەر پەیامەکەى مەسرور بارزانى لەبارەى دەستکەوتە ١٠٠ رۆژییەکەى سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى دەلێت"ئێستا گەڕاوینەتەوە ساڵی ١٩٩١ سەردەمی ئاودیوی شۆفڵ و مس و فافۆن! بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوریەکانمان بانگێشتی پەرلەمان کردوە دەڵێن ئێستە بەبازگەکان دەڵێن چاوداخەن تاکو قافڵە بارە ھێلکەو دوگە قاچاخەکە تێدەپەڕێ، کەتێدەپەڕێ دەڵێن چاوتان بکەنەو! ئێوە باش دەزانن ئەوەی ئەم قاچاخی و تاڵانی و سەرانە وەرگرتن و ھێنانی ھێلکەو دوگە دەکات ھێزی چەکداری ھەیەو دەسەڵاتدارە"


ئەو پەرلەمانتارە بە ژمارەو زانیارى نوێ وەڵامى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى  دەداتەوەو باس لەوە دەکات، ھەموو شەوو ڕۆژێک لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێز خانەوە ٤٠ سەیارەی بارھەڵگر ھێلکەو دوگ داخڵ دەکرێ بۆ ناوخۆو خواروی عێراق بۆ ھەر بارھەڵگرێکی ھێلکە ١١ ھەزار دۆلارو بۆ ھەر بارھەڵگرێکی دووگ ٣٠ ھەزار دۆلار وەردەگرن! واتە شەوانە نزیک بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار واتە ٥٠ دەفتەر دۆلار وەردەگرن بۆ داخڵ کردنی ھێلکەو دووگ.


سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەیامەکەیدا بە وردى باسى کارەکانى کابینەکەى لەبوارى گەندەڵى دەکات و جەختیکردوەتەوە کە خۆى لە نزیکەوە چاودێرى پڕۆسەی رووبەرووبوونەوەى گەندەڵی دەکات لەسەرجەم دامەزراوەکانى حکومەتداو هاوکات هۆشداریش دەداتە هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کە کارى گەندەڵکارى دەکەن.


بەڵام لەبەرامبەر ئەو وتانەدا عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان چەندین بەڵگەى گەندەڵى نوێى خستووەتەڕوو لەوبارەیەوە نوسیویەتى" سێ مانگه‌ به‌وردی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوریه‌کان به‌دواداچونمان کردووه‌، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌به‌ڵگه‌ی ته‌واو ده‌ستمانکه‌وتووه‌، دزی و تاڵانی له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان ده‌سه‌لمێنێت، تاڵانیه‌کی بێ وێنه‌یه‌، دزی و خیانه‌ت له‌ هه‌موومان له‌ گیرفانی هه‌موان".


ئاماژەى بەوەشکردوە، خه‌ڵکێک ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستکه‌وتنی پاره‌ هه‌مووان تووشی خراپترین نه‌خۆشی بکات، روونیشیدەکاتەوە قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ خاڵه‌ سنوریه‌کان نزیکه‌ی ٤٠ ملیۆن دۆلاره‌ کە بەوتەى خۆى ئەمەی به‌ به‌ڵگه‌ سه‌لماندوه.


هەر لە درێژەی کاردانەوەکان رۆژنامەنوس ئیحسان مەلا فوئاد لە پەڕەی خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى، سەرۆک فەرموو له هاوڵاتی نا، قەینا لە منی رۆژنامەنوسیش نا، بڕۆ لە پەرلەمانتاران بپرسە بزانە دەزانن داهاتی نەوت چەندەو چۆن سەرف دەکرێ ئەی بێزەحمەت کەناڵەکانتان بە پارەی چی ئیش دەکات".


ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەى بەوەشکردوە، لەماوەى  100 رۆژەى کابینەى نۆیەمدا هەست بە هیچ گۆڕانکاریەک ناکرێت و دەشڵێت، ئەگەر سەرۆکى حکومەت دەیەوێت گەندەڵى بکات با بۆ هەر کەسێک بەڵگەی گەندەڵی ئاشکرابکات 100 دۆلاری پێشکەشکە بکات کە بەدڵنیاییەوە رۆژانە 50 بەڵگەت پێدەگات.


 کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە سێ لایەنى سەرەکى پارتى و یەکێتى و گۆڕان پێک دێت و هەریەکە لە حزبى سۆسیالیستى دیوکراتى کوردستان و پێکهاتەکان بەشدارن.
لەئێستاشدا ١٠٠ رۆژ بەسەر کابینەى نۆیەمدا تێپەڕێوە، بەڵام هێشتا هیچ لە دۆخى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان نەگۆڕاوەو موچە لەکاتى خۆیدا نادرێت و خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت ئاو و کارەبا لە دۆخى خراپیدان.
س.هـ