ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق: دوو هەزارو 626 خۆپیشاندەر ئازادكران

عیراق

08/12/2019‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگه‌یاند، دوو هەزراو ٦٢٦ خۆپیشاندەر ئازادكراون كە لەمیانی خۆپیشاندانەكانی دژبە حكوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكاندا دەستگیركراوبوون.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگەیاند، "بەپێی دەستەكانی تایبەت بە وردبینی بە پرسەكانی خۆپیشاندنەكان، تا ئێستا دوو هەزار ٦٢٦ خۆپیشاندەر ئازاد كراون كە لەمیانی خۆپیشاندانەكانی دژبە حكوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكاندا دەستگیركرابوون".

بەپێی راگەیەندراوەكە هێشتا ١٨١ خۆپیشاندەری دیكە كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا دەستگیركراون، ئازاد نەكراون و لەئێستادا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت لەبارەی ئەو تاوانانەی كە بەپێی یاسا ئاراستەیان كراوە.

كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكرده‌وه‌، لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی ٤٨٥ كەس كوژراون و ١٧ هەزاری دیكە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.