لە 17 مەڵبەند كۆنفرانس بەڕێوەدەچێت
رزگار عەلی: كۆنگرەی یه‌كێتی بۆ سەرجەم یەكێتیەكانە

کوردستان

08/12/2019‌ 561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سبه‌ی لە 17 مەڵبەندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان بەڕێوەدەچێت و ئه‌ندامانی كۆنگره‌ دیاریده‌كرێن، سەرۆكی دەزگای هەڵبژارنەكانی ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت، كۆنگرەی یەكێتی بۆ سەرجەم یەكێتیەكانە.

رزگار عەلی، سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان كە بڕیارە سبەی ئەنجامبدرێت، رایگەیاند، لە 17 مەڵبەند كۆنفرانس بەڕێوەدەچێت و 17 لیژنەش سەرپەرشتی كۆنفرانسەكە دەكەن و بەوردیش جیاكردنەوەی دەنگەكان ئەنجامدەدرێت.

باسی له‌وه‌شكرد، 207 كۆمیتەی یەكێتی كۆنفرانسی بۆ ئەنجامدراوەو كۆنگرەی یەكێتیش بۆ سەرجەم یەكێتیەكانەو داواش لەهەڤاڵانی یەكێتی دەكەین لەكۆنفرانسی مەڵبەندەكان هاوكاربن. 

به‌پێی میدیای فه‌رمی یه‌كێتی، لە مەڵبەندی سلێمانی لە كۆی 363 كاندید 73 كاندید كە دەنگی پێویست بەدەستدەهێنن دەبنە ئەندامی كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن و 969 دەنگدەریش دەنگدەدەن.

لەسنوری مەڵبەندی كەركوك 787 دەنگدەر هەیە، 341 كاندید خۆیان پاڵاوتوەو 124 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 25یان ژن دەبن.

لەسنوری مەڵبەندی هەولێر 567 دەنگدەر هەیەو 178 كاندیدیش هەیەو دوای پرۆسەكەش 49 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 10یان ژن دەبن، بەڵام ئەگەر ژنان لەپرۆسەكەدا دەنگی پێویست بێنن ئەوا ژمارەیان زیاتر دەبێت، چونكە ئەو 10 ژنەی دیاریكراوە بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە بەكۆتا دەبێت.

لەسنوری مەڵبەندی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتیی نیشمانیی كوردستانیش هەموو ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان تەواكراون، لەیلا محەمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی كۆنفرانسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی به‌ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حزبه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، لەسنوری مەڵبەندی حەمرین 82 دەنگدەر هەیە، هەروەها  19 كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە كە لە 6 كاندیدی سەركەوتوو پێكهاتون كە 5 پیاو ژنێكە.