شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكاتەوە

عیراق

08/12/2019‌ 1098 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە پاش گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە لە حكوومەتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، شاندێكی حكوومەتی ھەرێم سەردانی كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكات، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، ھەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە ڕێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

فارس عیسا، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، "ڕێككەوتن لە نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە و نەوتەوە كراوە و بڕیار بوو ھەفتەی ڕابردوو پڕۆژەبودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرایە، بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە چاوەڕێین تاوەكو ئەو پڕۆژەیاسایە بگاتە پەرلەمان و ھەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەیە لە پەرلەمانی عێراق وەك خۆی پەسەند بكرێت."

باسی له‌وه‌شكرد، "بە گەیشتنی پڕۆژەیاساكەش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجومەن كۆ دەبێتەوە، شاندەكەش بە ھاوكاریی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، كە ئەو شاندە سیاسییە لە ھەموو كوتلە كوردییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق پێک دێت."

شاندی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق هه‌فته‌ی رابردوو له‌باره‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ پرسه‌كانی نه‌وت، بودجه‌ی 2020 و قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ رێككه‌وتن. 

فارس عیسا جەختیش دەكاتەوە، ڕێككەوتنەكەی نێوان ھەرێم و بەغدا پەیوەست بە بودجە و نەوت، وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.

5ی ئه‌م مانگه‌، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سه‌رپه‌رشتی دانوستانم له‌باره‌ی بودجه‌ی پێسپێردراێبو، كه‌ چوینه‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆی بودجه‌ی هه‌رێم، له‌سه‌ر سێ بابه‌تی سه‌ره‌كی گفتگۆمان كرد، نه‌وت، دارایی و قه‌رزه‌كانی كوردستان بون، توانیمان رێککەوتن له‌سه‌ر نه‌وت بكه‌ین، بڕیارمانداوه‌ رۆژانە 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی سۆمۆ بكه‌ین، داهاته‌كه‌ی ده‌چێته‌ ناو داهاتی عێراق".

وتیشی، "هەروەها له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم رێكکه‌وتین، به‌شێك له‌ مافه‌ داراییه‌كانی هه‌رێم وه‌ربگرینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گه‌یشتینه‌ سیغه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ قه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌یه‌كی بۆ دروست ده‌كه‌ین به‌ چاودێری دارایی هه‌ردولا به‌پێی توانا به‌شێك بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دابنرێت".
 
وەزیری دارایی و ئابوری رونیکردەوە، "ئەگەر ئەو رێککەوتنەی کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆیان کردوە جێبەجێ بکرێت و لە پەرلەمان بکرێتە یاسا، ئەوا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەردەبێت". 

ئاوات شێخ جەناب ئەوەش خستەڕو، "لە ئێستادا بارودۆخی سیاسی عێراق زۆر ئاڵۆزه‌، ئه‌وه‌ وای له‌ ئێمه‌ كردوه‌ چاوه‌ڕوانی روداوه‌كان بكه‌ین، به‌ سه‌ركه‌وتویی ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێكردوه‌ هەرچەندە لە 100% مافه‌كانمان نیه‌، چونكه‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی عێراق وایكردوه‌ مافه‌كانی ئێمە به‌ ته‌واوی ده‌ستمان نه‌كه‌وێت، له‌ ئێستا به‌ دواوه‌ كاری ئێمه‌ ته‌واوبوه‌ تۆپه‌كه‌ له‌ ساحه‌ی په‌رله‌مانی عێراقه‌"