لیژنەی پێشمەرگەی په‌رله‌مان: لێپێچینەوە لە فه‌رمانده‌ سه‌ربازییە کەمتەرخەمەکان دەکەین

کوردستان

08/12/2019‌ 696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، دوای پێكهێنانی دوو لیژنه‌ى لاوه‌كی به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنى مه‌یدانیى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، شاندێكی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە سەردانی پێشمەرگەکانی فەرماندەی دهۆک و لەشکری رۆژى لە روژئاوای دیجلەو زوماری سەر بەفەرماندەکانی زێرەڤانیى كرد.

راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، شاندێكی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بەسەرۆكایه‌تیی رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەو ئه‌ندامییه‌تیى حیکمت محمد عه‌بوزێد ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ سەردانی پێشمەرگەکانی فەرماندەی دهۆک و لەشکری رۆژى لە روژئاوای دیجلەو زوماری سەر بەفەرماندەکانی زێرەڤانیى كرد.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ش شانده‌كه‌ سەردانی لیوای ٤ی زێرەڤانیی لەسەررێگه‌ی موسڵ و فەرماندەی سپیلکى میحوەری سەرپەرشتیی لە ته‌لسقف کرد.

رزگار محه‌ممه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند، ''ئاماده‌بوونی فه‌رمانده‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی له‌ لیوا، فه‌وج و سریه‌كان بۆ خۆی وره‌یه‌، هه‌ر فه‌رمانده‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌مبوو به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین تاوەکو بیده‌ین به‌ دادگای سه‌ربازی".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، لیژنەی دووەم بەسەرۆكایه‌تیی عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامییه‌تیی رزگار محمد بڕیاردەری لیژنەكه‌و باڵامبۆ محمد ئەندامی لیژنەكه‌ سەردانی خانەقین-ى کردو لیوای 5ی پێشمەرگەو فەوجێکی لیوای 16و لیوای 4 و سەنگەره‌كانی پێشمەرگەیان له‌ کۆلەجۆ بەسەر كرده‌وه‌.

مه‌به‌ست له‌سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانى هه‌ردوو لیژنه‌ لاوه‌كییه‌كه‌ بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونه‌ لە بارودۆخ و پێداویستییەکانی هێزه‌كانی پێشمەرگە بەهۆی هاتنی وەرزی زستان، هەروەها گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و گەیاندنی به‌لایەنی پەیوەندیدار.