دەستدرێژی كراوەتە سەر.. هەڵاتوویەكی كۆریای باكوور چیرۆكی دەردەسەرییەكانی دەگێڕێتەوە

جیهان

09/12/2019‌ 2527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئافرەتێكی خەڵكی كۆریای باكوور باس لەوە دەكات، كە دوای ئەوەی لەو وڵاتە خۆی دەرباز كردووە و رووی كردووەتە كۆریای باشوور لەلایەن ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگری كۆریای باشوورەوە دەیان جار دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر و ناچار كراوە نەشتەرگەری لەباربردنی منداڵ ئەنجام بدات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی، پارێزەری قوربانییەكە بانگەشەی ئەوە دەكات، كە ئافرەتە كۆرییەكە لەماوەی دەستبەسەركردنیدا دەیانجار لەلایەن ئەفسەرێكی كۆریای باشوور بەپلەی رەقیب دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر .

كۆمپانیای پارێزەرایەتییەكە، كە نوێنەرایەتی ئافرەتە كۆرییەكەی كردووە بەتەلەفزیۆنی "بی بی سی " بەریتانی وتووە: یەكەمجار قوربانییەكە كاتێك دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر ئەوكاتەی بەهۆی كاریگەری كحوولەوە بێئاگا بووە .

بەگوێرەی رۆژنامەی "زە كۆریەن هیڕاڵد" لەماوی نێوان مانگی مایسی تا مانگی یۆنیوی ئەساڵ بەردەوام دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر و لاقە كراوە، كاتێكیش قوربانییەكە ئەو بابەتە لای ئەفسەرێكی تر كە لە پلەی موقەددەم دا بووە باس دەكات ئەویش دەستدرێژی دەكاتە سەر .

لەئێستادا هەردوو ئەفسەرەكەی هەواڵگری كۆریای باشوور لەكاركردن راگیراون تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەبن، هەروەها وەزیری بەرگری كۆریای باشووریش ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دۆسییەكە هەواڵی داواكاری سەربازی كراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بكات .

جیون سو می لەكۆمپانیای پارێزەرایەتی وتوویەتی "قوربانییەكە لەكۆریای باكوورەوە خۆی دەرباز كردووە و هەڵاتووە، بەڵام لێرە هیچ خزمێكی نییە و هیچ كەسێكیش ناناسێت یارمەتی بدات".

بەگوێرەی قسەی دەسەڵاتدارانی كۆریای باشوور، نزیكەی ٧٠% ئەوانەی لە كۆریای باكوورەوە رادەكەن و ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن ئافرەتانن، رێكخراەكانی بواری بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: بەشێكی زۆر لەوانە لە چین بۆ بازرگانی سێكسی دەقۆزرێنەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی