خەمیس خەنجەر.. دانوستانكاری ژوورە داخراوەكان سزادرا

ڕاپۆرت

09/12/2019‌ 2054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوی خەمیس خەنجەری سیاسی عێراقی لەناو ئەو لیستە دێت، كە لە چوار كەس پێكهاتووە و ئەمەریكا بەتۆمەتی گەندەڵی‌و كوشتنی خۆپیشاندەران‌و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپاندوون.

سزادانی خەنجەر و سێ فەرماندەی میلیشیا شیعەكان لەسایەی ئەو شەپۆلی خۆپیشاندانانەدایە، كە لە سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە عێراقی گرتووەتەوە و زیاتر لە ٤٥٠ كوژراو و نزیكەی ٢٠ هەزار برینداری لێكەوتووەتەوە .

خەمیس خەنجەر كێیە؟
بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، خەمیس فەرحان خەنجەر عیساوی پیاوێكی خاوەنكاری عێراقی‌و ملیۆنێرێكە، كە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خاوەن هیزێكی زۆرە.

بەگوێرەی ئەوەی بەیاننامەكە لەبەرپرسێكی باڵای پێشووی حكومەتی عێراقییەوە گواستوویەتییەوە، ئەو كاریگەرییەی خەنجەر بەزۆری بۆ توانای ئەو كەسە بۆ بەكارهێنانی سەروەت‌و سامانەكەی لە بەرتیكدان بە كەسانی تر دەگەڕێتەوە.

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی لەوەش كردووە، كە خەنجەر پارەیەكی زۆری داوە بەچەندین كەسایەتی سیاسی عێراقی لەپێناو ئەوەی پشتیوانی و پاڵپشتی بۆ دامەزراندنی یەكێك لەپاڵێوراوەكانی بۆ پۆستێكی ناو حكومەتی عێراق كۆبكاتەوە .

دانوستانكاری ژوورە داخراوەكان 
راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز لەساڵی ٢٠١٦ ، خەنجەری بەدانوستانكاری ژوورە داخراوەكان وەسف كردووە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ڕۆڵی ئەو لە پشتیوانیكردنی ئەو هێزە سیاسییانەی لەدوای رووخانی رژیمی بەعس لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق قورسایی‌و كاریگەریان هەیە .

لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٥، دادگایەكی عێراقی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ خەمیس خەنجەر دەركرد، هەروەها بڕیاریدا دەست بەسەر ماڵ و موڵكەكەیدا بگیرێت .

بەو شێوەیە لەدوای تۆمەتباركردنی بە پشتیوانیكردنی تیرۆر، دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر ماڵی گوزاراوە و نەگوازراوەی خەنجەردا بگیرێت ، دوای ئەوەی لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ رێكخراوی داعش دەستی بەسەر رووبەرێكی فراوانی خاكی عێراقدا گرت. 

خەمیس خەنجەر پشتیوانی دارایی هێزێكی سێ هەزار چەكداری كرد، كە لە بنەڕەتدا لەو چەكدارە سوننانە پێكهاتبوو توركیا راهێنانی پێكردبوون بەناوی هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا، ئامانجیش لێیان بەشداریكردن بوو لە پرۆسەی رزگاركردنی شاری مووسڵ .

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز  لەماوەی ساڵی ٢٠١٥ ، ئەو پیاوە خاوەنكارە عێراقییە، كە ژمارەیەك یاریدەدەر و پاسەوانی ئەمنی تایبەتی بەریتانی لەدەور بووە، زنجیرەیەك سەردانی بۆ شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ڕێكخستووە .

لەوكاتەشدا كاتێك پرسیاری ئەوەی لێكرا، كە بۆچی ناچێتە بەغدا، لەوەڵامدا وتی: ئەو لەژیانی خۆی دەترسێت بەوەی لەلایەن چەكدارانی داعش، یان چەكدارانی گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بەئامانج بگیرێت .

لەهەڵبژاردەكانی رابردووش بەشداری كرد و گردبوونەوەیەكی سیاسی بەناوی "تەوەری عەرەبی" دروست كرد ، دواتریش بەشداری ئەو هەوڵانە بوو، كە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی تەوەری نیشتمانی دران، كە كۆمەڵێك هێز و كەسایەتی سوننەی لەپەرلەمانی عێراق لەخۆدەگرت .

لەگەڵ ئەوەی خەنجەر پێشتر پەیوەندی لەگەڵ هێزە شیعییەكانی نزیك لەئێران خراپ و گرژ بوو، كەچی لە دروستكردنی حكومەتی نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لە دیارترین سەركردە سوننەكان بوو، كە لەگەڵ ئەو هێزانە هاوپەیمانی بەست.

لە پێش دروستبوونی حكومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ ، لەچەندین دیداردا خەنجەر لەگەڵ كەسایەتییە عێراقییەكانی نزیكە ئێران دەركەوت، كە لەیەكێكیاندا لەگەڵ هادی عامری ڕێبەری ڕیكخراوی بەدر، كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت دەركەوت.

هەروەها جارێكی تر لەگەڵ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نزیك لە ئێران دەركەوت، ئەمە جگە لەدەركەوتنی چەند جارەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم بەتایبەتی مەسعود بارزانی.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی