وردەكاری هێرشەكانی سوپای ئەمریكا بۆ سەر میلیشیاكانی ئێران لەعێراق

مەلەفی تایبەت

09/12/2019‌ 3072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە سەربازییە باڵاكان لە بەغدا باسیان لەوە كردووە، لەمدواییە هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق چەندین پرۆسەی سەربازی راستەوخۆیان بۆ سەر میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێرانیان ئەنجامداوە، كە لەیەكێك لەو ئۆپەراسیۆنانەدا كوژراویش هەبووە .

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش كردووە، كە مانگی رابردوو ئەمەریكا زانیاری دەستكەوتووە، چەند میلیشیایەكی عێراقی پلانی ئەوەیان هەبووە سەكۆی موشەكی لەناوچەكانی باكووری بەغدا جێگیر بكەن بەمەبەستی بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز، كە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و بارەگای حكومەت و پەرلەمانی عێراقی لێیە . 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە لیستی ئامانجە گریمانكراوەكانی هێرشی ئەو موشەكانە گۆرەپانی تەحریری پێگەی سەرەكی خۆپیشاندەرانی بەغداشی لەخۆگرتووە.

سەرچاوە ئەمنییە عیراقییەكان ئاشكرایانكردووە، كە  ئەمەریكا زانیارییەكانی داوەتە چەند دەزگایەكی تایبەتمەندی عێراقیش، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگییە هاوبەشەی پرۆتۆكۆڵە ئەمنییە كارپێكراوەكانی نێوان هەردوو وڵات ڕێكی دەخات، بەجۆرێك حكومەتی عێراق ئاگاداری هەموو وردەكارییەكان بووە .

سەبارەت بەشێوازی هێرشەكە ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە، سەرەتا لەڕێگای فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە هێرش كراوەتە سەر ئەو سەكۆیەی بۆ كارپێكردنی خێرا ئامادەكراوە، دواتر لەڕێگای فرۆكەی هێلیكۆپتەری جەنگییەوە هێز بۆ ناوچەكە دابەزێنراوەو مشتوماڵی پێگەكە كراوە، كە لەو هێرشەدا سێ كەس لە  چەكدارانی میلیشیا عێراقییەكان كوژراون، كە ئەگەری زۆر ئەوەیە هی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بن، كە قەیس خەزعەلی رابەرایەتی دەكات و ١٥ كورسیان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە .

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، ئەمەریكا پێیوایە پەیوەندی هەیە لەنێوان كردەكەی تارمییە و هێرشەكەی ٣ی دیسەمبەر بۆسەر بنكەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، كە بەسەر سنووری سوریادا دەڕوانێت و بە گەورەترین ناوەندی كۆبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دادەنرێت .

رۆژی سێشەممەی رابردوو، بەرپرسە عێراقییەكان رایانگەیاند بەهێرشی موشەكی هێرشكراوەتە سەر بنكەی سەربازی عەین ئەسەد، بەڵام هیچ پێكراوێك نەبووە .

سەرچاوەكان دەڵێن: ئەمەریكا پێیوایە ئەو هێرشەی كرایە سەر بنكەی عەین ئەسەد لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ناوچەی تارمییەدا بووە، كە تێیدا هێرشكرایە سەر میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی