بەرهەم ساڵح 24 سەعات پێش كۆتایی ماوەی دەستووری پاڵێوراوی سەرۆكوەزیران ئاشكرادەكات

عیراق

09/12/2019‌ 2972 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
فازڵ جابر پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق 24 سەعات پێش كۆتاییهاتنی ماوەی دەستووری پاڵێواروی پۆستی سەرۆكوەزیران رادەگەیەنێت.

فازڵ جابر دەشڵێت: ئەو ناوانەی لە دەزگاكانی راگەیاندن باس دەكرێن دوورخراونەتەوە لەبەر ئەوەی پێشتر پۆستی تریان هەبووە، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەو بارەوە بدات.

جار باسی لەوەش كردووە، كە هێشتا كوتلە سیاسییەكان بەشێوەیەكی كۆتایی لەسەر پاڵێوراوی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو ڕێكنەكەوتوون، بۆ ئەوەش چەندین ناو باسیان لێوەدەكرێت.

بەقسەی پەرلەمانتارەكە، ئەو دوو پاڵێوراوەی لەناو كوتلە سیاسییەكاندا زۆرترین ناویان دەهێنرێت بریتین لە محەمەد شەییاع سودانی و ئیبراهیم بەحر ئەلعلووم، بەڵام ئەم دوو ناوە لەبەر ئەوەی پێشتر پۆستی حكومیان هەبووە ناتوانن ئەو پۆستە وەربگرن.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح روونیشیكردووەتەوە، ماوەی دەستووری لەماوەی ١٥ رۆژدا كۆتایی نایەت ئەگەر بێت و ناوی پاڵێوراوی سەرۆكایەتی ئاشكرا نەكرێت، هەروەك جەختیكردووەتەوە، كە 24 سەعات پێش كۆتایی هاتنی ماوەی دەستووری بەرهەم ساڵحی سەرۆككۆمار كەسایەتییەك بۆ پێكهێنانی حكومەت رادەسپێرێت .

ماوەی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەستیلەكاركێشایەوەو بەپێی دەستوور سەرۆك كۆمار دەبێت لەماوەی 15 رۆژدا ناوی كاندیدی لیستی زۆرینەی پەرلەمانی دیاریبكات‌و بیداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژ كابینەی نوێ‌ رابگەیەنێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی