نوێنەری پەیەدە: لەرۆژئاوای كوردستان رێگە بە بەكارهێنانی كاڵای توركی نادرێت

کوردستان

09/12/2019‌ 1566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
نوێنەری پەیەدە لەباشووری كوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە باس لەوە دەكەن، كە گوایە لەرۆژئاوای كوردستان بایكۆتی كاڵای توركی نەكراوەو جەختیكردەوە، رێگە بە بەكارهێنانی كاڵای توركی نادرێت.

سلێمان عارەب نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە لەباشووری بەشارپرێسی وت: ئەو دەنگۆیانە دوورن لەراستی گوایە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بایكۆتی كاڵای توركی نەكردووە، ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن دەتوانن بێن بەچاوی خۆیان ببینن، كە لەرۆژئاوا رێگە بەهیچ كاڵایەكی توركی نادرێت بفرۆشرێت.

ئەو وتیشی: بۆئەلتەرناتیفی ئەم پرسە، كەلوپەل لەشامەوە دێتە رۆژئاواو هەم نرخەكەشی هەرزانترە، هەم كوالیتەكەشی باشترە.

ئەمە لەكاتێكدایە لەدوای ئەوەی لەمانگی ئۆكتۆبەری رابردوو سوپای توركیا دەستی بەهێرش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كرد، لەباشوورو رۆژئاوای كوردستان دەست بەهەڵمەتێك كرا بۆ بایكۆتكردنی كاڵای توركی‌و هەڵمەتەكەش بەردەوامە.

چەند رۆژێكە دەنگۆ هەیە، كە لەرۆژئاوای كوردستان بایكۆتی كاڵای توركی نەكراوە، بۆیە دەبێت لەباشووری كوردستانیش ئەو هەڵمەتە رابگیرێت.

سەبارەت بەچارەنووسی عفرین و سەرێكانی نوێنەرەكەی پەیەدە لەباشووری كوردستان وتی: هەموو كات بەرخودان بەردەوامەو تا دەرفەت دەبێت هەموو ئەو ناوچانەش لەداگیركاری توركیا پاكدەكەینەوە.

لەبارەی سوپای ئەمریكاو بوونی لەرۆژئاوای كوردستان سلێمان عارەب وتی: ئەمریكا لەسەر داوای پەیەدە نەهاتووەو هیچ رێككەوتنێكیش نییە، بەڵام بوونی ئەمریكا لەناوچەكە بۆ كورد گرنگە.

سەبارەت بەئیدارەی خۆسەریش سلێمان عارەب وتی: ئیدارەیەكە سەركەوتووەو تائێستا یەك بەرپرسی حیزبی پەیەدە لەناو ریزەكانی ئاسایش نییەو ئێمە هەڵەكانی پارتی و یەكێـتی دووبارە ناكەینەوە.