یەكێتی سەرۆكێك‌و چوار جێگری دەبێت

کوردستان

09/12/2019‌ 9489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی لەنێوان باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتمانی كراوە، لەكۆنگرە سەرۆكێك بۆ حیزبەكە هەڵدەبژێرێت‌و دواتریش چوار جێگر بۆ ئەو سەرۆكە دیاریدەكرێت.

رۆژی 21ی ئەم مانگە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەنجامدەدرێت، كە ئەمڕۆ دوو شەممە دواین قۆناغی ئامادەكارییەكانی كۆنگرە جێبەجێدەكرێت، ئەویش ئەنجامدانی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەشارپرێس، ئاراستەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لەسەر ئەوە رێككەوتوون، كە كەسێك وەك سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێرێت، كۆدەنگییەكی زۆریش هەیە ئەو كەسە بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێری ئێستای یەكێتی بێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك بۆ یەكێتی، چوار جێگریش دیاریدەكرێن بۆ سەرۆك، كە هەر یەكێكیان تایبەت دەبێت بەكاروباری ناوچەیەك‌و دەسەڵاتی خۆیان دەبێت.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە بافێڵ تاڵەبانی دەكرێتە جێگری سەرۆك بۆ كاروباری دەڤەری سلێمانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەكرێتە جێگر بۆ كاروباری دەڤەری هەولێر، هەروەها دوو جێگری تریش بۆ چەند كاروبارێك بۆ سەرۆك دیاریدەكرێت‌و بۆ ئەو پۆستانەش ناوی لاهور شێخ جەنگی‌و رەفعەت عەبدوڵڵا دەهێنرێت.

هەرچی كۆسرەت رەسوڵە، كە ئێستا پۆستی جێگری سكرتێری یەكەمی هەیە، ئەنجوومەنێكی دانایی بۆ دروست دەكرێت‌و دەكرێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە كە كۆمەڵێك دەسەڵاتی تایبەتی دەبێت‌و تەنانەت مافی ڤیتۆشی بۆ بڕیارەكانی ناوخۆی حیزب دەبێت.

لەبارەی پەیكەری سەركردایەتی یەكێتی، سەركردایەتی دابەشی چەند دەڤەرێك دەكرێت‌و ئەو دەڤەرانەش لەلایەن جێگری سەرۆكەوە سەرپەرشتی سەركردایەتییەكەیان دەكرێت.

هـ ـ ح