ئایندەی پەیوەندی دیمەشق‌و رۆژئاوای كوردستان
ئایا دیمەشق نەرمی بەرانبەر بەئیدارەی خۆسەر دەنوێنێت؟

جیهان

10/12/2019‌ 706 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حوسێن عومەر، نووسەر و سیاسی و نوێنەری پارتی سوریای ئایندە لەئەوروپا دەڵێت: حكومەتی دیمەشق هیچ نیازێكی نییە لەدانوستانەكانی قۆناغی ئێستادا نەرمی بەرانبەر بە ئیدارەی خۆسەر بنوێنێت، بەتایبەت لەژێر سایەی هێرشی توركیا بۆ سەر ناوچەكەو پشتیوانی سنوورداری روسیا بۆ كورد .

عومەر دەشڵێت: وادەبینم دیمەشق بەرەو گرژكردنی دۆخەكە هەنگاو دەنێت و داوای خۆبەدەستەوەدان لەئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان دەكات‌و دەیەوێت كورد لەسەر خۆبەدەستەوەدان دانوستانی لەگەڵ بكەن نەك لەسەر چەسپاندنی ئەوەی هەیە و چارەسەركردنی كێشەهەڵواسراوەكانی نێوانیان، لەبەر ئەوەی تا ئەم ساتەش پشت بە لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی ئەو ئیدارەیە دەبەستێت‌و یاری بەبابەتی هۆزە عەرەبییەكان‌و هاندانیان دەكات بۆ ئەوەی لەژێر سایەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بێنە دەرەوە .

ئەو سیاسییە سورییە پێیوایە لە ئایندە دەستپێشخەری تر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئیدارەی خۆسەر خۆی نادات بەدەست مەرجەكانی ڕژیمی سوریاو بەرگری لەخۆی دەكات و هەوڵ دەدات ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون بیانپارێزێت، بۆیە رەنگە دۆخەكە بەرەوە دروستبوونی شەڕ لەنێوان كورد و دیمەشق بڕوات .

هەروەك دەڵێت: ئیدارەی خۆسەر خواست و داواكاری رەوای هەیە، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی بۆ كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە ئیدارەكە لەئارادابوو، ئەویش لەڕێگای هاندان و ڕێگەدان بە توركیا بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكە، كە لە پیلانگێڕییەكەدا هەریەك لە ئەمەریكا و روسیا و ئێران و ڕژیمی سوریا تەنانەت حكومەتی عێراقیش بەشدار بوون .

عومەر باسی لەوەش كردووە، كە سەرەرای ئەو زیانانەی كورد لە هەندێك ناوچەی رۆژئاوا بەرێكەوت، بەڵام توانی شۆكەكە تێپەڕێنێت‌و ئیدارەی ناوچەكە بەتەواوەتی بكات، لەگەڵ ئەوەی ڕژێم ئومێدی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەڵچنیبوو، بەڵام هەسەدە هێشتا هێزێكی پێشەنگە، كە ئەوە بۆ ئەم قۆناغە سەركەوتنێكی گەورەیە .

سەبارەت بە رۆڵی روسیا لە پەیوەندی نێوان كورد و دیمەشق نووسەر دەڵێت: روسیا رۆڵی گوشاركەر بۆسەر حكومەتی سوریا نابینێت، بەڵكو گوشار دەخاتە سەر كورد،  بەڵام بەو شێواز و رێگایانە نا دیمەشق پەنای بۆ دەبات بەڵكو بەشێوازی تری وەك هاتنەناوەی ناوچەكە، كە ئێستا لەڕێگای پۆلیسی سەربازیی‌و دەورییەی سەربازی هاوبەش لەگەڵ سوپای توركیا توانیویەتی بێتە ناوچەكە.

نووسەر پێیوایە تەنیا لەماوەی داهاتوودا روسەكان هەوڵ دەدەن هەندێك چارەسەری سیاسی هەبێت، كە تەنیا ئەوانن خواستی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریاو راگرتنی ئەو شەر و كوشتارە دەدەن .

ئەوەش دەڵێت: ڕژێمی سوریا ناخوازێت جەنگی سوریا كۆتایی بێت لەبەر ئەوەی بەكۆتایی هاتنی جەنگ ئەوانیش كۆتاییان دێت، هەروەها رژێمی توركیش حەز بە كۆتاییهاتنی جەنگی سوریاو دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سوریا ناكەن لەبەر ئەوەی ئەوكات كۆتایی بەداگیركاری و چاوتێبڕینەكانیان لە خاكی سوریا كۆتایی دێت، بۆیە تاكە لایەن خواستی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا هەبێت روسیایە، تەنانەت ئەمریكاش حەز بە چارەسەركردنی قەیرانی سوریا ناكات.

نووسەر باس لەوەش دەكات، كە ئەگەر بێت و لە قۆناغی داهاتوودا مۆسكۆ لە گوشارەكانی بۆسەر كورد هیچ ئەنجامێكی دەستنەكەوت، ئەوە ئەوكات دەست دەكات بە گوشارخستنە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی رێكەوتن لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و ڕژیمی سوریا بێتە ئاراوە، بۆیە دەبێت هەردوولا لەو بابەتەدا سازش بەرانبەر بە یەكتر بكەن .

بەرپرسەكەی پارتی سوریای ئایندە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ئیدارەی خۆسەر كارتی بەهێزی بەدەستەوەیە بۆ دانوستانەكانی لەگەڵ دیمەشق ئەویش بەهۆی ئەوەی پەیوەندی هەم لەگەڵ مۆسكۆ بەهێزە هەم لەگەڵ ئەمەریكا، ئەوە جگە لە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكانی لە نموونەی میسر و سعودییە و ئیمارات .

لەكۆتاییدا ئەو سیاسییە سورییە دەڵێت: پێموایە ئیدارەی خۆسەر دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت، هەروەا هێزەكانی سوریای دیموكراتیش دەستبەرداری تایبەتمەندییەكانی خۆی نابێت، دەبێت رژێمی سوریاش ئەوە باش بزانێت . 

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی