بە 2 ساڵ‌و 1 ملیار دۆلار.. یەكگرتوو بەڵێنی دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی دەدات

کوردستان

10/12/2019‌ 2250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
حكومەتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردوو هەشت ملیار دۆلاری لەسێكتەری كارەبا خەرج كردووە، كەچی نەیتوانیوە چارەسەری كێشەی كارەبا بكات‌و پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامیش دەڵێت: بەپێی پڕۆژەیەك لەماوەی دوو ساڵ و بەبری یەك ملیار دۆلار كارەبای 24 سەهاتی بۆ هەرێم دابین دەكرێت.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە  لەپەرلەمانی كوردستان لەلیستی فراكسیۆنی یەكگرتوو تایبەت بۆ شارپرێس وتی: پڕۆژەیەكی تۆكمەمان لەبارەی هەرچوار سێكتەری كارەبا  دابەشكردن و كۆنتڕۆڵ و پارەكۆكردنەوە، پەرەپێدان ئامادەكردووە، كە بەپێی ئەم پڕۆژەیە لەماوەی دووساڵ كارەبای 24 كاتژمێری بۆهەرێمی كوردستان دابین دەكەین و كێشەی كارەبا چارەسەر دەكەین.

شێركۆ جەودەت وتیشی: پڕۆژەكە تەنیا یەك ملیار دۆلاری دەوێت و لەماوەی دووساڵ تەواو دەبێت، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم لەماوەی 10 ساڵی رابردوو هەشت ملیار دۆلاری لەسێكتەری كارەبا خەرج كردووە، كەچی ئەمە حاڵی كارەباكەیانە.

سەبارەت بەو پرسەی ئەی بۆچی ئەوكاتەی وەزارەتی كارەبا لەدەست ئێوە بوو ئەم پڕۆژەیەتان جێبەجێنەكرد؟ پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو وتی: لەبەر ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سووتەمەنی بۆوێستگەكان دابین نەدەكردو رێگر بوون لەوەزیرەكەی ئێمە.

هەروەها باسی لەوە كرد، كە لەئێستادا ئەم پڕۆژەیەمان داوە بەحكومەتی هەرێم‌و بەوەزارەتی كارەباو پێیان راگەیاندووین ئەوانیش لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەن و چاوەڕێ دەكەین بزانیین حكومەت‌و وەزارەتی كارەبا چی دەكەن لەوبارەیەوە.

ماوەیەكە بەهۆی وەرزی سەرماوە كێشەی كارەبا لەهەرێمی كوردستان سەریهەڵداوەتەوەو ئەوەش نیگەرانی‌و ناڕەزایی لێكەوتووەتەوەو حكومەتی هەرێمیش هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، كە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.


بەپەلە