پاسەوانی شۆڕشی ئێران لەپشت كوشتنی چالاكوانانانی خۆپیشاندانەكانی عێراقە

عیراق

10/12/2019‌ 1238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاگادار دەڵێن: هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی لەپشت پاكتاوكردنی چالاكوانان‌و سەركردە خۆجێییەكانی جەماوەی ناڕازی عێراقن.

سەركردەكان دەشڵێن: لەوانەشە ئەو هەڵمەتەیان چڕتربكەنەوە و دەست لەچالاكوان‌و سیمبولی دیكەی سیاسی بوەشێنن، كە لاگیری ئێران نین، یان لە بەرانبەر دۆخەكەدا بیلایەن وەك ڕەووتەكەی موقتەدا سەدر.

ئەمە لەكاتێكدایە تیرۆركردنی چالاكوانە مەدەنییەكانی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق، كاریگەری نەكردووەتەسەر ڕەووتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی دژ بەحكومەتی عێراق‌و فراوانبوونی هەژموونی ئێرانی.
 
یەكشەممەی ڕابردوو، فاهم تائی چالاكوانی مەدەنی تەمەن 53 ساڵ بەگولەی كەسانی نادیار لە كەربەلا تیرۆركرا لەو كاتەی لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەكانەوە دەگەڕایەوە ماڵەوە، ناوبراو دژی‌ میلیشیاكانی سەر بە ئێران بوو لە عێراق.

ئەو تیرۆركردنە پێنوێنە بۆ بوونی پاسەوانی شۆڕشی ئێرانی، كە لەڕیگەی میلیشیا پاشكۆكانییەوە لە عێراق ئەو كردەی تیرۆركردنانە ئەنجام دەدات، ئەمەش وەك تۆڵەكردنەوەك لەوانەی دروشمی دژ بە ئێران لە عێراق بەرزدەكەنەوە.

چەند سەرچاوەیەك ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئێران خەریكی تاوتوێكردن‌و تەگبیرسازییە بۆ تیرۆركردنی موقتەدا سەدر، چونكە بووەتە ئاستەنگ و بەربەستیكی گەورە لە بەردەم كۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەكان، كە لە ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە دەستیان پێكردووە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە هەر‌ بە فعلی ئێران هەوڵی تیرۆركردنی سەدری داوە كاتێك فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی لەشاری نەجەف  ناردووەتە سەر  ئەو بارەگایەی سەدری لێدادەنیشتێت، بۆیە سەدر شەممەی ڕابردوو داوای لەهەوادارانی كردووە زنجیرەیەكی مرۆیی بە دەوری ماڵەكەیدا ببەستن.

هێشتا خۆپێشاندەران گومانیان لە نیازەكانی سەدر هەیە و پێیان وایە كۆششی ئەوە دەكات خۆی لە چینە سیاسییە گەندەڵەكەی عێراق بێبەری بكات‌و چاوەڕێی دەرفەتێكە بیقۆزێتەوە و خۆی بكاتە جێگرەوەی ئەوان.

لایەنگرانی سەدریش لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكە دەبنە قوربانی، چونكە لە ڕیزی پێشەوەی جەماوەری ناڕازیدان‌و ڕووبەڕووی میلیشیا و هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە. 

ڕۆژی هەینی ڕابردووش ڕووداوەكان زیاتر تەشەنەیان سەند و لەوانەشە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی دوو بەرەی چەكدار لە عێراق.
 
كاتێكیش ڕووداوەكان زیاتر هەڵكشان، كە حیزبوڵای عێراقی بە چەكی مامناوەند و ئاربیجی هێرشیان كردەسەر جەماوەری ناڕازی لەگۆڕەپانی خلانی و پردی سنكی نزیك گۆڕەپانی تەحریر، كە‌ بووە هۆی كوژرانی 25 كەس و برینداربوونی نزیكەی سەد كەسی دیكە.

سەرباری قوربانییە زۆرەكانی خۆپێشاندانەكان، كەچی لایەنگرانی سەدر، كە كڵاوی شینیان لەسەرە،‌ بەرەنگاری هێرشەكان بوونەوە و بەمەش ژمارەیەكیان لێكوژراون، ئەوانیش یەكێك لەچەكدارەكانیان دەستگیر كردووە و ناسنامەكەیان ئاشكرا كردووە، كە ئەندامێكی حیزبوڵای عێراقییە. ئەمەش فالح فەیازی سەركردەی حەشدی شەعبی ناچار كرد‌ ڕێنمایی توند دەربكات و ئەو چەكدارانە لەدەوروبەری خۆپێشاندەران دووربخاتەوە.

هەروەها حەشدی شەعبیش بەیاننامەیەكی توندیان دژ بە لایەنگرانی سەدر دەركردووە و بەوەش سەرایای سەلامییان (میلیشیای سە بە سەدر) تۆمەتبار كردووە، كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لە گۆڕەپانی خلانی و پردی سنك.

حەشدی شەعبی خۆپێشاندەرانی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە چەند كەسێكیان لە گۆڕەپانی خلان ڕفاندووە و بردوویانن بۆ چێشتخانەی توركی لە گۆڕەپانی تەحریر، داواشی لەهێزە ئەمنییەكان كردووە ڕاوەدووی ئەو چەكدارنەی سەدر بنێن.

هەرچەندە حەشدی شەعبی دواتر لەو بەیاننامەی پاشگەزبووەوە و ڕایگەیاند، پێگەكەیان لەسەر ئینتەرنێت دزەی كراوەتەناو، بەڵام چاودێران دەزانن ئەو چیرۆكی دزەكردنە تەنیا بۆ شێواندنی ڕاستییەكان و تێكەڵكردنی كارتەكانە.

چاودێران ئەوەش دەڵێن: حەشدی شەعبی خۆی ئەو ئاین و ئۆینەی ڕێكخستووە، تا پەردەپۆشی ئابڕووچوونە ئاشكراكانی بكات لە كوشتنی جەماوەری ناڕازی.

سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، كە چینە سیاسییەكەی عێراق بواری تەواوی بۆ جەماوەر ڕەخساند مافی دەستووری خۆیان لە خۆپێشاندان پەیڕەو بكەن، دواتریش بەمەبەستی خامۆشكردنەوەی ناڕەزاییەكان هەڵیكوتاوەتە سەریان، ئەمەش تا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەوەرژێنێت.

پارتە سیاسییە فەرمانڕەواكان پێیانوایە سەدر بووەتە مەترسی لە بەردەم كۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەكان، ئەمەش‌ دوای ئەوەی لایەنگرانی خۆیان كردووەتە قەڵغانی جەماوەر  لە بەغدا و لە ڕیزەكانی پێشەوەن، بۆیە ئەگەر خۆپێشاندانە جەماوەرییەكان زیاتر پەرەبستێنن، هەلی پاكتاوكردنیان لەلایەن پاسەوانی شۆڕشی ئێرانەوە زۆر نزیكە.

چاودێران واشی دەبینن، كە سەدر لە ئێستادا كۆنتڕۆڵی بەسەر لایەنگرەكانییەوە نەماوە، كە زۆرینەیان لە چینە هەژار و زەحمەتكێشەكانن و بكەرێكی سە‌رەكی خۆپێشاندانەكانن.

ئەگەر هێزە حكومی و میلیشیاكانی ئێران بەردەوامبن لەسەركوتكردن و كوشتنی خۆپێشاندەران و لایەنگرانی سەدر، ئەوا ناكرێت سەدر لێی بێدەنگ بێت، چونكە ئەوە زیان بە بنكە جەماوەرییەكەی دەگەیەنێت و سەرماییە سیاسییەكەشی دەخاتە مەترسیەوە.

لە لایەكی دیكەشەوە هێشتا دەزگای هەواڵگری ئێرانی وەك هاوبەشێكی شیعی شیمانەكراو (موحتەمەل)  تەماشای سەدر دەكات، بۆیە ڕاسپارەی داوە بیپارێزن تا ئەو ئانوساتەی ئیشیان پێ دەبێت.
 
ئێرانیش وریایە لەوەی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە عێراق نەبەستێتەوە بەبزاوتی خۆپێشاندانەكانەوە، كە سەری عەبدولمەهدی خوارد، وا وەسف دەكرا بەوەی پیاوە گوێڕایەڵەكەی ئێرانە، بەرێوەبەری نووسینگەكەشی (ئەبوجیهاد هاشمی) پەیوەندییەكی پتەوی بە پاسەوانی شۆڕشی ئێرانییەوە هەیە و وەك سەرۆك وەزیرانی دووەم حسابی لەسەر دەكرێت.

بۆیە چاودێران پێیان وایە تاران دوودڵی ناكات لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە مەترسی بزاوتی خۆپێشاندانەكان، كە دروشی "ئێران بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە"یان بەرزكردووەتەوە، جەماوەری ناڕازیش هەردوو كونسوڵگەری ئێرانیان لە كەربەلا و نەجەف سوتاندن كە سەنتەری شیعەگەرین لە عێراقدا.

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر