میسر یان توركیا یان یۆنان.. هێزی دەریایی كامیان بەهێزترە؟

مەلەفی تایبەت

11/12/2019‌ 2722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكەوتنی رۆژی ٢٧ی نۆڤەمبەر لەنێوان توركیا و حكومەتی لیبیای دانپیدانراو لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دیاریكردنی سنووری ئاوی دەریای ناوەراست، گرژییەكی بێپێشینەی لەنێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست دروست كرد .

ڕێكەوتنەكە، كە ناوی "یاداشتنامەی لەیەكتێگەیشتن"ی نێوان توركیا و لیبیای لێنراوە و تایبەتە بە دیاریكردنی ناوچە دەریاییەكان لەدەریای ناوەراستدا، كە لەلایەن بەشێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست رەتكرایەوە  بەتایبەت هەریەك لەمیسر و یۆنان و قوبرس و ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا لەتبرق نارەزایەتی خۆیان بەرنابەر بەو هەنگاوە دەربڕی .

لەو بارەیەوە بەشێك لەدەزگاكانی راگەیاندن باسیان لە سیناریۆ گریمانكراوەكانی دوای ئەو هەنگاوەی توركیا و لیبیا كرد، كە ئەگەری هەیە لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا بگاتە ئاستی بەیەكدادانی سەربازی لە دەریای ناوەراستدا.

بۆیە بۆ زانینی ئەوەی لەحاڵەتی روودانی جەنگێكی لەو جۆرەدا هێزی دەریایی كام لەم وڵاتانە دەتوانێت باڵادەستی خۆی بسەپێنێت لێرەدا باس لەتوانای هێزی دەریایی هەریەك لە میسر و توركیا و یۆنان دەكەین .

بەگوێرەی پێگەی سەربازی "گڵۆباڵ فایەر پاوەر" میسر پلەی شەشەمی هەیە لەلیستی بەهێزترین هێزە دەریاییەكان لە جیهاندا، هەروەك توركیاش پلەی ١٢  و یۆنان پلەی ٢٢ هەمین بەهێزترین هێزە دەریاییەكانی جیهانیان هەیە .

توانای هێزی دەریایی هەریەك لە میسر و توركیا و یۆنان دەخەینە روو .

میسر
میسر نزیكەی ٣١٩ پارچەی دەریایی هەیە، لەناویاندا دوو كەشتی هەڵگری فرۆكەی هێلیكۆپتەر لەجۆری میستراڵی فەرەنسی، ئەوە سەرباری ١٠ ژێردەریایی ئەڵمانی لە جۆری Type 209"". 

هەروەك میسر خاوەنی فرقاتەیەكی فەرەنسی لە مۆدیلی FREMM" " و ٤ فرقاتەی ئەمەریكی لە مۆدێلی "ئۆلیڤەر هازارد بێری"یە، لەگەڵ ٤ فرقاتەی فەرەنسی لە مۆدێلی "گۆیند".

هەروەها میسر خاوەنی ٣١ مین هەڵگرەوەیە و ٩ بەندەری دەریاییشی  هەیە، بۆیە هێزی دەریایی میسر بە گەورەترین هێزی دەریایی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقا دادەنرێت.

توركیا 
توركیا خاوەنی ١٩٤ پارچەی دەریاییە، بەڵام هیچ كەشتییەكی فرۆكەهەڵگر، یان هەڵگری هێلیكۆپتەری نییە، بەڵام لەئێستادا كار لەسەر دروستكردنی یەكەم كەشتی فرۆكەهەڵگری دروستكراوی توركیا دەكات بەناوی "ئەنادۆڵ".

بەراورد بە میسر توركیا ژمارەیەكی زیاتری ژێردەریایی هەیە، كە ژمارەیان ١٢ ژێردەریاییە ، كە زۆرینەیان لە مۆدێلی "  Type 209"ی ئەڵمانین، ئەوە لەگەڵ ١٦ فرقاتە، كە زۆرینەیان لە مۆدێلی "ئۆلیڤەر هازاردی بێری" ئەمەریكین .

جگە لەوانە توركیا خاوەنی ١٠ كۆرڤێتی فەرەنسی و ناوخۆییە، وەك "ئەدا"ی توركی‌و "ئەفیسوس"ی فەرەنسی و ٣٤ بەلەمی پاسەوانی و ١١ مینهەڵگرەوە، هەروەها توركیاش هاوشێوەی میسر خاوەنی ٩ بەندەری دەریاییە .

یۆنان
لەو هاوكێشەیەدا یۆنان لاوازترین لایەنە، بەجۆرێك خاوەنی تەنیا ١١٥ پارچەی دەریاییە و هیچ كەشتییەكی فرۆكەهەڵگر، یان كەشتی هەڵگری فرۆكەی هێلیكۆپتەر نییە .

یۆنان ١١ ژێردەریایی هەیە، كە زۆرینەیان لە مۆدێلی Type 209" "  ئەڵمانین، ئەوە سەرباری فرقاتەی مۆدێلی  "میكۆ-220HN"" ی ئەڵمانی و "ئیلی" هۆڵەندی .

هێزی دەریایی یۆنانی هێج كۆرڤیتێكی نییە، بەڵام ٣٣ بەلەمی پاسەوانی و ٤ مینهەڵگرەوەی هەیە، لەگەڵ بوونی ٦ بەندەری دەریایی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی