ئەمەریكا لەپێشەوەیە.. بەرزبوونەوەی پێوانەیی فرۆشتنی چەك لەجیهاندا

ڕاپۆرت

11/12/2019‌ 821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەپێی راپۆرتێكی نوێ، كە پەیمانگای نوێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بۆ لێكۆڵینەوەكانی ئاشتی بڵاویكردووەتەوە، لەساڵی ٢٠١٨ دا فرۆشتنی چەك لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی سەدا پینج زیادی كردووە، كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی باڵادەستی ئەمەریكا بەسەر بازاڕی فرۆشتنی چەكدا.

بەگوێرەی راپۆرتەكە بەهای فرۆشتنی ١٠٠ گەورەترین كۆمپانیای دروستكەری چەك ٤٢٠ ملیار دۆلار بووە، كە زۆرینەیان لە بازاڕی ئەمەریكادایە .

لەو ساڵەدا پشكی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا ٥٩% ی بازاڕی فرۆشتنی چەك بووە، كە بریتی بووە لە ٢٤٦ ملیار دۆلار، بەوەش ٧،٢ % لەساڵی رابردوو زیاتر بووە.

لەدوای ئەمەریكا، روسیا پلەی دووەمی بازاڕی فرۆشتنی چەكی لە جیهاندا داگیركردووە، كە بریتی بووە لە ٨،٦% ، بەوەش بەڕێژەیەكی كەم پێش بەریتانیا كەوتووەتەوە، كە ٨،٤% بووە، هەروەها فەرەنساش ٥،٥% بووە.
 
راپۆرتەكە هیچ ئاماژەیەكی بەچین نەكردووە لەبەر ئەوەی هیچ داتایەكی پێویست لەبەردەستدا نەبووە، بەڵام پەیمانگاكە مەزەندەی كردووە سێ بۆ حەوت كۆمپانیای چینی لەناو سەد گەورەترین كۆمپانیاكانی دروستكەری چەكی جیهانیدا بن .

بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی ٢٠١٣ وە چین هەموو ساڵێك ١،٩% تێكرای داهاتی ناوخۆیی لەبواری بەرگریدا خەرج دەكات .

كۆمپانیای ئەڵماز-ئەنتی گەورەترین گەورە كۆمپانیای روسی هاتووەتە پلەی نۆیەمی گەورەترین كۆمپانیاكانی فرۆشتنی چەك لە جیهاندا، ئەویش بە فرۆشتنی چەك بە بەهای ٩،٦ ملیار دۆلار، واتە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕیژەی ١٨% فرۆشی زیاد كردووە .

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە زیادكردنی فرۆشی كۆمپانیاكە پەیوەندی بەزیادبوونی داواكاری ناوخۆیی لە روسیاوە نییە، بەڵكو بە بەردەوامی گەشەی فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی تر بەتایبەت هەناردەكردنی سیستەمی دژە ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"، كە یەكێك لە كڕیارەكان بریتی بوو لە توركیای ئەندامی هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی .

هەروەها دوو كۆمپانیای توركیش هاتوونەتە ناو ڕیزی سەد گەورەترین كۆمپانیاكانی دروستكردنی چەك لە جیهاندا ئەویش بەفرۆشتنی چەك بەبەهای ٢،٨ ملیار دۆلار .

بەپێی راپۆرتەكە توركیا هەوڵ دەدات لەبواری پەرهەمهێنانی چەك لەهەموو بوارەكاندا پشت بەخۆی ببەستێت، بەتایبەت ئەنقەرە لەناو ململانێیەكی چەكداری بەردەوامدایە لەگەڵ گەلی كورد، كە ئەمە وایلێدەكات داواكاری لەسەر چەك زیاتر ببێت.

لەساڵی ٢٠٠٩ وە كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئەمەریكی لە پێشەنگی دروستكردنی چەكدایە لە جیهاندا، كە بەهای فرۆشەكانی لەساڵی رابردوودا گەیشتووەتە ٤٧،٣ ملیار دۆلار، بەجۆرێك بەتەنیا پشكی ئەو كۆمپانیا ئەمەریكییە ١١% ی هەموو بازاڕی چەكی جیهانییە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی