سوپای توركیا بەرەو لیبیا.. ئەردۆغان چی دەوێت‌و كێ چاوچنۆكییەكانی دەوەستێتەوە؟

لە میدیاکانەوە

11/12/2019‌ 2789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا لەچاوپێكەوتنێكدا خۆی رانواندەوەو هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر حكومەتی تەرابلووس داوایان لێبكات ئەوە سوپای وڵاتەكەی ئامادەیە بچێتە ئەو وڵاتە .

ئەو هەڕەشەیەی ئەردۆغان دوای فراوانبوونی چوارچێوەی ئەو رەخنانە دێت، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕێكەوتنەكەی نێوان حكومەتی توركیا و حكومەتەكەی فایز سەراج گیران .

ئەردۆغان لەكاتی چاوپێكەوتنەكەدا وتی: بەپێی ڕێكەوتنەكەی نێوان توركیاو لیبیا، ئەوان دەتوانن چالاكی دەرهێنانی نەوت و گاز لەناوچەیە بكەن، كە ڕێكەوتنەكە دیاری دەكات، بۆیە هیچ وڵاتێكی حەوزی دەریای ناوەراست ئەوانەی، كە دژی ڕێكەوتنەكەن ناتوانن غازی ناوچەكە بگوازنەوە بێرەزامەندی وڵاتەكەی .

ئەردۆغان لەلێدوانەكانیدا بێزاری و تووڕەیی بەرانبەر بەهەڵوێستە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دژ بە ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی تەرابلووس پێوەدیار بوو .

پێشبینی دەكرێت هەریەك لە یۆنان و قوبرس و میسر هەڵویستی یەكلاكەرەوە دژ بەو ڕێكەوتنە دەرببڕن، بەتایبەت، كە ئەردۆغان رایگەیاند خواستی هەیە چالاكییەكانی گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە دەریای ناوەراست زیاد بكات و هێزی دەریایی زیاتریش رەوانەی ناوچەكە بكات . 
پێشتر  دەزگا هەرێمی و نوێدەوڵەتییەكان ئەوەیان ئاشكراكردبوو، كە توركیا لە پشتیوانیكردنی میلیشیا چەكدارییە توندرەوەكانی لیبیا تێوەگلاوە، بەڵام ئەو هەڵویستە توندەی ئێستای حكومەتی ئەنقەرە زیاتر ئاگر بەسەر ئاگرەكەدا دەكات .

چاودێران دەشڵێن: لێدوان و هەڕەشەكانی ئەردۆغان ئاماژەیە بۆ پێشبڕكێی ئەنقەرە بۆ لەگەڵ كاتدا بۆ بەدەستهێنانی چاوچنۆكییە ئابووری و ئەمنییەكان لەدەرەوەی سنووری توركیا .

لەو بارەیەوە، عاتیف سەعداوی توێژەر لە ناوەندی ئەهرام بۆ لێكۆڵینەوە سیاسییەكان دەڵێت: ئەردۆغان هەوڵ دەدات هەموو شێوازەكان بەكاربهێنێت بۆ سەپاندنی هێزو تێكەڵكردنی كارتەكان لە لیبیا .

ئەو توێژەرە لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "سكای نیوز عەرەب" دەشڵێت: پێموایە پیلانەكەی ئەردۆغان لە لیبیا لەكۆتاییدا شكستدەهێنێت لەبەرئەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی رووبەڕووی بەرەنگارییەكی توند بووەتەوە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەعداوی دەڵێت: لیبیا لەزۆربەی ناوچەكانی تر جیاوازە، كە ئەردۆغان دەیەوێت دەستی بەسەردابگرێت لە نموونەی لەسوریا.. لە لیبیا هێزێكی هەرێمیی كاریگەر هەیە، كە ڕێگە بە دەستتێوەردانی توركیا نادات، كە مەبەست لەو وڵاتە میسرە، كە بەرانبەر هەر هەوڵێكی ئەردۆغان دەوەستێتەوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە كەسییەكانی .

سەعداوی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەردۆغان پێشتر هۆشداریدابوو لەوەی لیبیا دەبێتە سوریایەكی تر.. بەڵام ئێستا بەكار و كردەوەكانی خۆی خەریكە ئەو ئەو دۆخە دێتە پێشەوە، بەتایبەت، كە ئەو لایەنێكی وەك سەراج بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانی بەكاردەهێنێت .

ئەو توێژەرە لەكۆتاییدا بەپێویستی دەزانێت بەڕووداوەستانێكی نێودەوڵەتی بەڕووی جموجۆلەكانی ئەردۆغاندا هەبێت، بۆ ئەوەش میسر رۆڵێكی گرنگی لەو بەڕوو وەستانەدا هەبێت، چونكە زەرەمەرمەندترین لایەنی هەرێمی دەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی