شارپرێس:
خەڵك بەگشتی لەپێناو لەشو لارێكی ڕێك، یان بۆ دابەزاندنی كێشیان وەرزشی راكردن دەكەن، بەڵام لەمدواییەدا لێكۆڵینەوەیەكی نوێ سوودێكی گەورە و پێشبینی نەكراوی راكردنی ئاشكرا كردووە .
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك، كە لە رۆژنامەیەكی بەریتانی بۆ پزیشكی وەرزشی ئەوە ڕێكردن بێ لەبەرچاوگرتنی هۆكارەكەی ئەگەری مردن كەمدەكاتەوە، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەو وەرزشە تەمەن درێژ دەكاتەوە .
ئەكادیمییەكانی زانكۆی ڤیكتۆریا لەئوسترالیا هەڵسەنگاندنیان بۆ گەلێك لێكۆڵینەوەو توێژینەوە و راپۆرتی پزیشكی پێشووتر كردووە، ئەویش لەپێناو وەڵامدانەوەی پرسیارێكی ئاڵۆزدا .
توێژەرەكان پشتیان بە ١٤ لێكٶلینەوەی تر بەستووە، كە ٢٣٢ هەزار كەسیان لەخۆگرتووە و بۆ ماوەی ٥،٥ بۆ ٣٥ ساڵ چاودێری باری تەندروستیان كردوون، لەو ماوەیشدا ٢٥،٩٥١كەسیان مردوون .
دوای هەڵسەناگاندنی داتاكان دەركەوتووە ئەوانەی وەرزشی راكردنیان كردووە بەڕێژەی ٣٠% ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ كەمبووەتەوە، هەروەها بەڕێژەی ٢٣% مردنیان بەهۆی تووشبوون بەشێرپەنجە كەمبووەتەوە .
راكردن دەبێتە هۆی سووتاندنی كالۆری زیادە، جگە لە بەهێزكردنی ئێسك و ماسولكە و پاراستنی كێشێكی تەندرووست بۆ جەستە.
لێكۆڵینەوەكە ئەوەشی بۆ دەركەوتووە، كە راكردن ئەگەر بەشێوەیەكی سنووردار و پچڕپچڕیش بكرێت هەر سوودی هەیە وەك ئەوانەی هەفتانە یەك جار رادەكەن .
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری كەسانی پێگەیشتوو دەكات هەفتانە ١٥٠ خولەك چالاكی جەستەیی مامناوەند بكەن، یان ٧٥ خولەك وەرزشی چڕوپڕ .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی