پزیشكان هۆشداری لەلێكەوتە ترسناكەكانی خەوزڕان دەدەن

تەندروستی

11/12/2019‌ 535 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر تۆ لەو كەسانەی، كە شەوانە وەك پێویست خەوت لێناكەوێت و بەدەست خەو زڕانەوە دەناڵێنیت، ئەوە دەبێت لەئاكامە تەندروستییە خراپەكانی ئاگادار بیت .

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك، كە لە وڵاتی چین كراوە و ماوەی ١٠ ساڵی خایاندووەو بۆ ئەوەش پشتی بە سامپڵی گەورە بەستووە، ئەوانەی بەدەست خەوزڕانەوە دەناڵێنن ئەوە بەڕێژەی ١٨% لەخەڵكی ئاسایی زیاتر ئەگەری تووشبوون بەنۆرەدڵێ‌و سەكتەی مێشكیان هەیە .

رۆژنامەی "زە سەن "ی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە لێكۆڵینەوەكە لەزانكۆی پەكین كراوە و پشتی بە ٤٨٧ هەزار بەشدار بوو بەستووە، كە پێش لێكۆڵینەوەكە تووشی نۆرەدڵێ، یان سەكتەی مێشك نەبوون .

بۆ ئەوەش سێ پرسیار لە بەشداربووان كراوە ئەوانیش، كە ئایا تووشی خەو تێكچوون بوون یان بەردەوامن لەسەری، دووەمیان ئەوەیە ئایا لەكاتێكی زوودا لەخەو هەڵدەستن، سێیەم پرسیاریش ئەوەی بووە، كە ئایا لەكاتی رۆژدا بەهۆی كەمخەوی كاتی شەوەوە تووشی كەمئاگایی دەبنەوە .

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە ئەوەی پیشانداوە، كە ئەوانەی هەرسێك گرفتەكەی سەرەوەیان هەبووە، ئەوە بەڕێژەی ١٨% لە خەڵكی ئاسایی زیاتر ئەگەری تووشبوونی نەخۆشیان هەبووە، لەكاتێكدا ئەوانەی تەنیا یەك گرفتیان لەو سێ گرفتە هەبووە بەڕیژەی ١٣% زیاتر ئەگەری نەخۆشكەوتنیان هەبووە .

لیمینگ لی، توێژەری سەرپەرشتیاری لێكۆڵینەوە دەڵێت: ئەوەی لەلێكۆڵینەوەكەدا بۆمان ئاشكرا بووە ئەوەیە دەبێت گریمانەی ئەوە بكەین بەپێشكەشكردنی چارەسەری رەفتاریی بۆ ئەوانەی بەدەست تێكچوونی خەوەوە دەناڵێنن لەتوانایدا هەیە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە سەكتەی مێشك و دڵ و سەرجەم نەخۆشییەكانی تریش .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی