ئەگەری هەیە ناوی عەبدولمەهدی بخرێتە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە

عیراق

12/12/2019‌ 1562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی عەرەبی بڵاویكردەوە، كە بەپێی ئەو زانیاریانەی باسیان لێوەدەكرێت ئەگەری هەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیری دەستلەكاركێشاوە بخرێتە لیستی ئەو سزایانەوە، كە ئەمەریكا دەیەوێت بەسەر بەرپرسانی عێراقیدا بسەپێنێت .

رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" لە راپۆرتێكیدا بڵاویشیكردەوە، بەپێی ئەو زنایارییانەی لەناوچەی سەوزی بەغدا باسیان لێوە دەكرێت ئەگەری زۆرە لەماوەیەكی نزیكدا ئەمەریكا بەتۆمەتی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و زیانگەیاندن بەماڵی گشتی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران سزا بەسەر چەند بەرپرسێكی تری عێراقیدا بسەپێنێت.

هەروەها رۆژنامەكە بڵاویكردەوە، لەناو لیستی ئەو كەسانەی ئەگەری هەیە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت ناوی عادل عەبدولمەهدیش دەهێنرێت، ئەوە سەرباری بەرپرسێكی ئەمنی باشووری عێراق و چەند كەسایەتییەكی تر، بەڵام هێشتا تەئكید لە راستی و درووستی ئەو زانیاریانە نەكراوەتەوە.

رۆژی هەینی رابردوو، ئەمەریكا سزای بەسەر چەند بەرپرسێكی عێراقیدا سەپاند لەناویاندا شێخ قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق و براكەی و ئەبوزەینەب لامی بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی و خەمیس خەنجەری سیاسی سوننە .

لای خۆیشییەوە، دیڤید شنكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر بسەلمێنرێت بەرپرسانی حكومەتی عێراق و فەرماندە سەربازییەكان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران تێوەگلاون ئەوە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی