په‌رله‌مانتارێك: حكومه‌ت ده‌ست به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی 740 ملیار دیناره‌كه‌ی قه‌رزی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات

کوردستان

12/12/2019‌ 425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی پارتی دیموكرات ده‌ڵێت "حكومه‌ت ده‌ست به‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی 740 ملیار دیناره‌كه‌ی قه‌رزی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات".

شوان كه‌ریم زراری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌ لاپه‌ڕه‌ی  خۆی له‌ فه‌یسبوك بابه‌تێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت،  لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بە مەبەستی گەشەسەندن و پێشخستنی بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان قەرزی بە ژمارەیەك لە سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكان داوە.

ده‌شڵێت، ''ئەو وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیانە تائێستا بەشێکی زۆریان قەرزەکانیان بۆ حکومەت نەگەڕاندۆتەوە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە هەموو ئەو قەرزانەی كە لە لای سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیاكانە، وەریانبگرێتەوە، كە بڕەكەی 740 ملیار دینارە''.

به‌وته‌ی كه‌ریم زراری ''لە ماوەیەکی نزیکدا حكومەت كاتێك دیاری دەكات، دەرفەتیشیان پێ دەدات بۆ ئەوەی حسابی خۆیان بكەن و لە ماوەی دیاریكراویش پارەكە بگەڕێننەوە، ئەگەر ‌نەشیگەڕێننەوە، ئەوا تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن و دەخرێنە لیستی رەش و دەست بەسەر موڵك و ماڵیاندا دەگیرێت''.

ڕ. ج