نەوەی نوێ داوا دەکات مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان و خانەنشینە نایاساییەکان نەمێنێت

کوردستان

12/12/2019‌ 327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان  داوای نەهێشتنی مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان دەکات.


لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە فراكسیۆنی نەوەی  رایگەیاندووە"لەسەروبەندی ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەدا کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت و بەهۆی سیاسەتی شکستخواردووی بەناو ئابووری سەربەخۆوە کە بووە هۆی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت، ئەمەش دواجار کاریگەری قورسی لەسەر بازاڕو کاسبکارانیش جێهێشت".

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە،" وێڕای هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە بەسەر خەڵکی کوردستانیاندا هێنا، هێشتا لەژێر پاساوی جۆراو جۆردا نایانەوێت تەواوی مووچەی خانەنشینی پلە باڵاکان (سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، بریکاری وەزیر و راوێژکارو ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و تەواوی پلە یەکەکان) ببڕن و نەیهێڵن.

لەبەشێكی دیكەی  راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی نەوەی  نوێ هاتووە،"فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوا دەکات کە مووچەی خانەنشینی تەواوی پلە باڵاکان و هەموو خانەنشینە نایاساییەکان نەمێنێت و هەر کەسێک خولی خۆی لەو دامەزراوانەدا تەواو کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی پێشتری و پاش گەیشتنی بەتەمەنی خانەنشین بوون، بەیاسایەکی خانەنشینی گشتیی خانەنشین بکرێت و جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ خانەنشینانی تردا".

هەروەك ئەوەی خستووەتەڕوو، هەنگاوی یەکەم و گرنگ و راستەقینەی چاکسازی بەگێڕانەوەی ئەو پارە زۆرە دەبێت بۆ بودجەی گشتیی و خەرجکردنی لەو کەرتە خزمەتگوزارییانەدا کە پەیوەستن.