شارپرێس:
نەشتەرگەری منداڵبوون چەند مەترسییەكی تەندروستی هەیەو پزیشكان ئامۆژگاری دایكان ناكەن پەنای ببەنە بەر، هەرچەندە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا ئەو نەشتەرگەرییە زۆر ئاسانتر و سەلامەتتر بووە ئەوەش وایكردووە خانمانی دووگیان زیاتر پەنای بۆ بەرن.
بەڵام چەند فاكتەرێكی تەندروستی هەیە وادەكەن كردنی ئەو نەشتەرگەرییە سەلامەت و پێویست بێت، لێرەدا چەند هۆكارێك باس دەكەین، كە وادەكەن پەنا ببرێتە بەر ئەو نەشتەرگەرییە :
سكپڕی بەمنداڵی دووانە یان سیانە یەكەم هۆكاری پەنابردنە بەر نەشتەرگەری منداڵبوون .
لەدایكبوون بەر لە كاتی خۆی، یاخود لەدایكبوونی پێشوەختە، كە بەهۆی دۆخێكەوە یان لێكەوتەیەكەوە ئاستەنگ بۆ تەواوبوونی ماوەی سكپڕی تەواو درووست دەكات .
لاچوونی پزدان لەشوێنی خۆی و دابەزینی بەشێوەیەك سەری منداڵدان بەشێوەیەكی تەواوەتی یان بەشەكی دادەپۆشێت، ئەوەش دەبێتە هۆی درووستبوونی خوێنبەربوونێكی تووند لەكاتی سكپڕییەكەدا، لەوكاتەدا منداڵبوون لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە سەلامەتترە .
گرفت لەكشانی منداڵدان لەكاتی ژانگرتندا و نەگەیشتنی بە ئاستی پێویست، كە ١٠ سانتیمەترە لەگەڵ ئەوەی ژانگرتنەكە گەیشتووەتە ئاستی ئازارێكی بەسوێ، لەوكاتەدا پزیشكان ڕێنمایی نەشتەرگەری بەپەلە دەكەن .
ئەگەر دۆخی كۆرپە لەبار نەبێت بۆ لەدایكبوونی سرووشتی وەك ئەوەی كۆرپەكە هەڵگەڕابیتەوە و لەجیاتی سەری قاچەكانی هاتبنە ئاراستەی دەرچوونی منداڵ، لەوكاتەدا منداڵبوون لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە باشترین بژاردەیە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی