بەژمارە.. لەكاتی دەرچوونی توركیا لەهاوپەیمانی ناتۆ زەرەمەندی یەكەم كێ دەبێت؟

لە میدیاکانەوە

14/12/2019‌ 4267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی خەلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رەتیكردەوە وڵاتەكەی هیچ نیازێكی هەبێت دەستبەرداری هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ببێت، بەڵام بەردەوام راپۆرتەكان بەپشتبەستن بە سەرچاوە ئەوروپی و جیهانییەكان باس لە دەركردنی توركیا لەو هاوپەیمانییە دەكەن، ئەویش بەپشتبەستن بەو خاڵە ناكۆكانەی رۆژبەرۆژ لەنێوان توركیا هاوپەیمانییەكە زیاد دەبن .

بەپێی راپرسییەكیش، كە لەئەڵمانیا كراوە و رۆژنامەیDW" "ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، ئەوە دەردەخات ٥٨%ی ئەڵمانەكان پشتگیری كردنەدەرەوەی توركیا لە ناتۆ دەكەن، لەكاتێكدا ١٨% دژی ئەو هەنگاوەن.

هاوكات ئاژانسی فرانس٢٤ لەراپۆرتێك تیشكی خستووەتە سەر گرێبەستی كڕینی "مووشەكی ئێس-٤٠٠"ی روسی لەلایەن توركیا، كە بەپێی ئاژانسەكە لێكەوتە سیاسی و سەربازییەكانی لەسەر ئایندەی سیاسی توركیا بەتایبەت مانەوەی لەناو هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت .

خاڵە ناكۆكەكانی نێوان توركیا و ناتۆ 
دواین خاڵی ناكۆكی نێوان توركیا و ناتۆ پرۆسەی سەربازی "كانی ئاشتی" توركیا بوو بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، سەبارەت بە توركیا پرۆسەكە زۆر سەركەوتوو بووەو ڕێگریان كردووە لەدروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لەباكووری سوریا و دورخستنەوەی شەرڤانانی كورد لەسنوورەكانی توركیا .

بەڵام لە گۆشەنیگای هاوپەیمانی ناتۆوە ئەو ئۆپەراسیۆنە شتێكی ئەرێنی نەبوو، لەبەر ئەوەی بەلای ئەوانەوە یەكینەكانی پاراستنی گەل هێزێكی تیرۆریستی نین .

بێگومان گرفتی گەورەی ناتۆ بریتییە لەگرێبەستی كڕینی سیستەمی دژە ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی لەلایەن توركیاوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمەریكییەكان رایانگەیاند، سیستەمەكە لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆ نایەتەوەو داوایان كرد توركیا دەستبەرداری ئەو سیستەمە موشەكییە روسییە ببێت بەرانبەر بە فرۆشتنی سیستەمی موشەكی پاتریۆتی ئەمەریكی، هەروەها هەڕەشەی ئەوەیان كرد ئەگەر ئەنقەرە لەو بڕیارە پاشگەزنەبێتەوە ئەوە توركیا لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی "ئیف-٣٥" دووردەخەنەوە، بەڵام توركیا گوێی بەهەڕەشەكان نەدا و لەسەر هەنگاوەكانی بۆ تەواوكردنی گرێبەستەكە لەگەڵ روسیا بەردەوام بوو .

زیانەكانی ناتۆ بەچوونەدەری توركیا 
وەك زانراوە توركیا لەدوای ئەمەریكا گەورەترین سوپای ناو ناتۆیە، كە ژمارەی سەربازەكانی دەگاتە ٤٣٥ هەزار سەرباز، جگە لەوەی سوپای توركیا لەرووی پڕچەككردنەوە بەهێزترین سوپای ناوچەكەیە، ئەگەر بێت و ئەو وڵاتە لەناتۆ بچێتە دەرەوە ئەوە جگە لەو زیانە گەورەیەی هاوپەیمانییەكە بەهۆی لەدەستدانی پێگەی جوگرافی توركیا لەرۆژهەڵاتی ناوەراست بەریدەكەوێت، چوونەدەری توركیا واتای لەدەستدانی سەرجەم بنكە سەربازییەكانی ناتۆ لە ناوچەكە دەگەیەنێت، كە قەرەبووكردنەوەی لەمەودای نزیكدا وەك بنكەی ئینچەرلیك سەخت دەبێت .

زیانەكانی توركیا بەچوونەدەری لە ناتۆ 
شارەزای سەربازی روسی میخائیل خودارینۆك دەڵێت: توركیا لەهەڕەشەی هیچ لایەك ناترسێت بەوەی لە هاوپەیمانی ناتۆ دەیكەنە دەرەوە، دەزانێت ئەوانە هەڕەشەی بەتاڵن، لەبەر ئەوەی چوونەدەری توركیا لە ناتۆ زیانی سیاسی‌و سەربازی كارەساتباری بۆ هاوپەیمانیییەكە دەبێت، جگە لەوەی توركیا لەئێستادا هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نییە تەنانەت لەسەر لەلایەن ناتۆشەوە، بۆیە هیچ ناچار نییە سازشی سیاسی و زیانی ماددی بۆ خزمەتكردنی بەرژوەندییەكانی ناتۆ بكات.

دەتوانرێت بوترێت لەئێستادا هیچ هێزێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەڕەشە نین لەسەر توركیا، جگە لەوەی نزیكترین دراوسێكانی توركیا، كە رۆژێك لەرۆژان یاریكەری هەرێمی بەهێز بوون، بەدەست دۆخی سەختی ناوخۆییانەوە دەناڵێنن وەك عێراق و سووریا، یان بەهۆی گەمارۆكانەوە گیرۆدەبوون‌و دەستیان بە تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو راناگات وەك ئێران .

هەرچی ئەو هەڕەشانەن لەلایەن بەرپرسە رۆژئاواییەكانەوە دەكرێت بەوەی توركیا لەریزی ناتۆ دەكەنەوە دەرەوە هیچ نین جگە لە دروستكردنی گوشاری سیاسی بۆ ئەوەی ئەنقەرە لەهەندێك بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی سازشیان بۆ بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی