هاوپەیمانانی ئێران لەعێراق بەربەست بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دروست دەكەن

مەلەفی تایبەت

14/12/2019‌ 774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری ناڕەزاییە جەماوەرییەكان عێراق، كە لە سەرەتای ئۆكتۆبەری ڕابردووەوە دەستیانپێكردووە، هێشتا هێزە سیاسییەكانی دەسەڵات، شەڕ لەسەر دەستكەوتە سیاسییەكانیان دەكەن‌و ئومێد دەكەن لە ئایندەی عێراق و پڕۆسەی بڕیارسازیدا ڕۆڵیان بمێنێت، لەكاتێكدا هەر ئەو لایەنە سیاسییانە هۆكاری شكست‌و ڕووداوە كارەساتبارەكانی عێراقن.

بۆیە گەورە پارتە سیاسییە شیعەكانی عێراق، دەستیان داوەتەوە شەڕێكی لابەلا دژ بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرباری ئەوەی جەماوەری ناڕازی ئەو پرسەی تێپەڕاندووە و داوای ڕوخانی تەواوی سیستەمەكە دەكەن بەجۆرێك دوور بێت لە پاشكۆیەتی بۆ ئێران. 


هێزە پاشكۆكانی ئێران لەعێراق، هەوڵی پەكخستنی هەر هەوڵێكی ئەو هەمواركردنەوەیە دەدەن، كە دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێنێت‌و هەژموونی پارت‌‌و فراكسیۆنە گەورەكان كۆتایی پێبێنێت.

فراكسیۆنەكەی هادی عامری (فەتح) لەپەرلەمانی عێراق، كە نوێنەری سیاسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە،‌ لە هەوڵی لەباربردنی ئەو پڕۆژەی هەمواركردنەوەدان، كە بە دەق دەڵێت: دەبێت سیستەمی هەڵبژاردن لە سەدا سەد تاكە كەسی بێت، ئەمە داوكاری هێزە كێبڕكێكارەكانی هاوپەیمانی"فەتح"یشەو دەڵێن ئەو داواكارییەیان لە داواكاری جەماوەری خۆپێشاندەرەوە هەڵێنجاوە.

هاوپەیمانی فەتح چەندەها پێشنیاری خستوونەڕوو، كە ڕێگە بەپارتە سیاسییەكان دەدەن بە لیست بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، بەڵام زۆر لایەنی سیاسی دژ بەو پێشنیارانەن، لەوانەش هاوپەیمانی سائیرونی موقتەدا سەدر و ڕەووتی حیكمەی عەمار حەكیم، كە پێیان وایە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان لەقۆناغی ئایندەدا دەسەڵاتی زیاتریان بۆ دەستەبەر دەكات.

پێنج شەممەی ڕابردوو هاوپەیمانی فەتح دانیشتنێكی پەرلەمانی لەو بارەوە پوچەڵ كردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی زانی لایەنگرانی خۆپاڵاوتنی تاكەكەسی زۆرن‌و دەیبەنەوە، ئەمەش هەڵوێستی سیاسی ئێران ڕووبەڕووی جەماوەری خۆپێشاندەر دەكاتەوە، كە داواكاری سەرەكییان كۆتاییهێنانە بەهەژموونی سیاسی ئێران بەسەر پرۆسەی بڕیارسازی عێراقەوە.

پەرلەمانتارانی سەدر دەڵێن: هاوپەیمانی فەتحی هاوپەیمانی ئێران، دەزانێت كێبڕكێ لەڕێگەی لیستەكانەوە تاكە ڕیگەیە بۆ پاراستنی بوونی خۆیان لەقۆناغی ئایندەدا.

كێبڕكێی هەڵبژاردن لە ڕێگەی لیستەكانەوە جیاوازییە تاكییەكانی نێوان پاڵێوراوان دەسڕێتەوە، ڕێگەش دەدات دەنگی دەنگدەران بەپێچەوانەی ویستی خۆیان بۆ پاڵێوراوە دۆراوەكان بچێت.

سەرۆكی لیستەكەش دەتوانێت زیادەی دەنگەكانی لیستەكەی ببەخشێتە پاڵێوراوی دیكە، ئەمەش لەهەڵبژاردنەكانی پێشوودا لە زۆر كاتدا ڕێگەی بەوەداوە ئەو دەنگانە بۆ ئەو پاڵێوراوانە بچن، كە ڕاستەوخۆ لە لایەن جەماوەرەوە دەنگی كەمیان بەدەستهێناوە، دواتریش لەڕێگەی كڕینی دەنگەكان و ڕێگەی دیكەوە دەنگی پێویستیان بۆخۆیان مسۆگەر كردووە.

هێزە سیاسییەكانی پاشكۆی ئێران وا تەماشای پڕۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، كە جڵەوی فەرمانڕەوایی عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی پێدەگرن، لە ڕێگەی ساختەكاری و كڕینی دەنگەكانیشەوە،‌ كاریگەری لەسەر ڕەووتی دەنگدان دروستدەكەن، دواتریش لە ڕێگەی سەودا و مامەڵەی نێوان خۆیانەوە پاڵێوراوە دۆڕاوەكان سەردەخەن، یاخود پاڵێوراوێكی براوە دەگلێنن.

بەو هۆیەشەوە و لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا و لە ساڵی 2005وە، نوێنەرایەتی پەرلەمانی لەسەر زەوق و سەلیقەی ئێران بووە، بۆیە تاران هەمیشە توانیویەتی كاریگەری بۆسەر سێكوچكەی دەسەڵات (سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق) هەبێت بەو شێوەیەی خزمەتی بەرژەوەندییەكانی دەكات، كاتێكیش ساڵی 2010 پڕۆژەیەك داڕێژرا بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێرانی بەسەر دەسەڵاتەوە، ئێران بە توندی ڕووبەڕووی بۆوە و لەباریچواند.

زۆرێكیش پێیان وایە تەنیا یاساییەكی هەڵبژاردن، كە لەگەڵ ویست و ئارەزووەكانی ئێراندا نەیەتەوە، بەس نییە بۆ لەناوبردنی هەژموونی ئێرانی لەعێراق، بەڵام ئەگەر ئەو یاساییە ببەسترێتەوە بە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە، ئەوا ئەنجامەكانی زۆر كاریگەر دەبن.

هەر ئەمەش‌ وایكرد قەیس خەزعەلی سەرۆكی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی هەقی پاشكۆی ئێران، كە 15 كورسی پەرلەمانی هەیە، بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت ببەستێتەوە بەپیلانگێڕێ ئەمریكا- ئیسڕائیلەوە، كە ڕوخانی سیستەمی حوكمڕانی عێراق بە ئامانج دەگرێت.

بۆیە خەزعەلی بەتوندی هێرشی كردەسەر بیرۆكەی هەڵبژادنی پێشوەخت، سەرباری ئەوەی ڕۆژنامەنووسانیش لێی دەپرسن، كە هۆكاری گرێدانی ئەو دوو شتە لەچییەوە هاتووە، كەچی خەزعەلی دەڵێت: هەموو شتێك لەكاتی خۆیدا ڕووندەكەینەوە.

ڕەتكردنەوەكەی خەزعەلی ترسی ئێرانی لەپشتە، كە پارتە سیاسییە شیعەكانی سەر بەئێران لە عێراق زەرەرمەندبن و جەماوەر لە دەنگدان تۆڵەیان لێبكاتەوە، چاودێرانیش دەڵێن: ئێران پەی بەڕادەی توڕەیی جەماوەری خۆپیشاندەری عێراقی دەبات دژ بە هەژموونی خۆی لەو وڵاتەدا و لە هەر هەڵبژاردنێكی ئایندەشدا ئاكامەكانی ئەو توڕەییەی جەماوەر دەردەكەون.

لەئەگەری هەمواركردنەوەی یاساكەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختدا، نوێنەرایەتی سیاسی پارتە سیاسییە شیعەكانی عێراقی پاشكۆی ئێران لە پەرلەمانی عێراقدا بە توندی زەرەرمەند دەبن، هەر ئەوانیش دواتر سەرۆك كۆمار دادەنین‌و سەرۆك كۆماریش متمانەی خۆی بەسەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەبەخشێت و ڕایدەسپێرێت كابینەی تازەی حكومەت پێكبێنێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر