شیعەكان فشار دەكەن.. بەرهەم ساڵح مەرجی بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران هەیە

ڕاپۆرت

14/12/2019‌ 3134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا جەماوەری خۆپێشاندەری عێراق داوای هەڵبژاردنێكی پێشوەخت دەكەن‌و پینەوپەڕۆی دەسەڵاتییان قبوڵ نییە،  سێ سەرچاوەی عێراقی ئاگادار دووپاتیانكردووەتەوە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا، محەمەد شیاع سودانی-یان وەك پاڵێوراو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیاركردووە.

ئێرانیش سودانی قبوڵە و لە هەوڵی ئەوەش دایە باوەڕ بە لایەنەكان بێنێت قبوڵ بكەن، هەتا ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورتی كاتیش بێت، بەڵام بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق مەرجی هەیەو مەرجەكەش ئەوەیە كاندیدەكە قبووڵكراوی جەماوە بێت.
 
لەگەڵ ئەوەش گومانیش هەیە ئەو پاڵێوراوە قبوڵكراوی جەماوەری خۆپێشاندەری عێراق بێت، ناشكرێت بێ ڕەزامەندی باڵای بۆگەڕاوە (مەڕجەع)ی نەجەف، كە پشتیوانی خۆپێشاندەرانە ئەو پاڵێوراوە بسەپێندرێت.

لە لایەكی دیكەشەوە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە ناوی هیچ پاڵێوراوێك پێشكەش بە پەرلەمان ناكات، ئەگەر جێگەی ڕەزامەندی جەماوەری خۆپێشاندەری عێراقی نەبێت.

شیعەكان چاوەڕێی وتاری سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف دەكەن، كە ئاخۆ چ پێشنیارێك لە خۆدەگرێت، هەر چەندە ڕای كۆتایی بۆ جەماوەری ناڕازییە و هیچ دەسەڵاتێكیش لە دەسەڵاتی گەل باڵاتر نییە.

هەریەكە لەنوری مالیكی و هادی عامری بە پشتیوانی ئێران سودانیان پێشنیاركردووە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، ناوبراو وەزیرێكی پێشووە و ئەندامی حیزبی دەعوەیە، چاوەڕوان دەكرێت شەقامی ناڕازی عێراقی ڕەتیبكەنەوە، دوای ئەوەی وێنەكەی لەگەڵ پاڵێوراوی دیكە لە گۆڕەپانی تەحریر لەگەڵ كەسایەتی دیكەی پیشنیاركراو هەڵاوەسرا بوو، لێیان نووسیبوون "نەخێر بۆ پاڵێوراوە گەندەڵەكانی حیزب".

سەركردەیەكی دیاری فەتح لەو بارەوە دەڵێت: لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغدا، عامری و مالیكی بە پشتیوانی "ئیرەج مەسجدی" باڵویزی ئێران لە عێراق ‌و قاسم سلێمانی،  "سودانی"یان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیار كردووە و لەهەوڵی ئەوەشدان لایەنەكان لەسەری ڕازیبن.

بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقیش بە چەند لایەنێكی ڕاگەیاندووە، كە ناوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق لە لایەن جەماوەری ناڕازی شەقامەوە قبوڵكراو نەبێت.

هەروەها فالح فەیازی سەرۆكی فراكسیۆنی عەتا‌و و سەرۆكی حەشدی شەعبی ئەو هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە و دەڵێت: حكومەتی ئایندە پێنج بۆ شەش‌ ئەركی دەكەوتە ئەستۆ وەك دۆسییەكانی گەندەڵی، ماوەكەشی كاتی دەبێت و ئەركەكانیشی دیاریكراو دەبن تا وادەی هەڵبژاردنی ئایندە. 


سودانی ئەندامی هاوبەندی دەوڵەتی یاسایە، پێشتر وەزیری مافی مرۆڤ و سەرۆكی دەستەی نیشتمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس)و وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرۆكی دامەزراوەی زیندانە سیاسییەكان و وەزیری كۆچ و كۆچبەران بووە بەلەجیاتی، ئینجا وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری دارایی، وەزیری بازرگانی و دواتریش وەزیری پیشەسازی بووە.

هەیبەت حەلبوسی سەركردەی هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان لەو بارەوە وتی: هەموو لایەنە شیعەكان لەسەر ناوێكی دیاریكراوی سەرۆك وەزیران ڕێكنەكەوتوون، سەرباری ئەوەی سودانی دیارترین پاڵێوراوی ئەو پۆستەیە. 

ئەوەشی وت: شەقامی عێراقی و بۆگەڕاوەی نەجەف ڕازی ناین سەرۆك وەزیری تازە لە ناو فراكسیۆنە سیاسییەكانەوە هەڵبژێردرێت، یان سەر بەوان بێت، ئەوان لەگەڵ پاڵێوراوێكی بێلایەنن.

هەروەها وتیشی: بەرهەم ساڵح بێ ڕێككەوتن و سازانی فراكسیۆنە شیعەكان ناتوانێت هیچ پاڵێوراوێك پێشكەشی پەرلەمان بكات.

هاوكات محمەد حوسێنی سەركردەی ڕەووتی حیكمە ئەوەی دووپاتكردووە، كە هێشتا ڕێككەوتن و سازانێكی كۆتایی لەسەر پرسی پاڵێوراویكی دیاریكراو نییە، وتیشی: پیشكەشكردنی ئەو ناوانەی پێشتر باسیان لیوەكراوەو شەقام بۆگەڕاوەی نەجەف ڕەتیكردوونەوە زۆر مەترسیدارە.

حاكم زاملی سەركردەی ڕەووتی سەدریش وتی: ڕەووتەكەیان هەر ناوێك ڕەتدەكاتەوە پێشتر بەشداری حوكمڕانی كردبێت‌و هۆكارێكی گەندەڵی‌و بەشبەشێنە بووبێت، بۆیە دەبێت سەرۆك كۆمار لەماوەیەكی كەمی ئایندەدا خۆی لەوبارەوە یەكلاییبكاتەوەو ناوی پاڵێوراوێك بخاتە بەردەم پەرلەمان.

جەواد تەمیمی چالاكوان لەشاری بەغدا ڕایگەیاند، چاوەڕێی ئەوە لە پارتە سیاسییەكان ناكەن كەسایەتییەكی تازەی دەستپاك بپاڵێون، چونكە ئەو كات پاڵێوراوێكی لەو جۆرە دۆسییەكانی گەندەڵێیان بۆ هەڵدەداتەوە، بۆیە خۆپێشاندەران لەدۆخی دیاریكردنی سودانی  و كەسانی دیكەی وەك ئەو وەك پاڵێوراوی سەرۆك وەزیران، دۆخەكە بەرەو هەڵكشان دەبەن.

سەرچاوە: مەركەز بەیت ئەلعێراق
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر