دڵێكی ساغ لەدەم‌و ددانی ساغدایە

تەندروستی

15/12/2019‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئایا بروا دەكەیت، كە پاككردنەوەی دەم و ددانەكان پەیوەندی هەیە بەتەندروستی دڵەوە؟ بەڵێ ئەوە راستییە، بەشێوەیەك زاناكانی زانكۆی سیئۆل لەكۆریای باشوور لەلێكۆڵینەوە نوێكانیاندا جەختیانكردووەتەوە، كە رۆژانە سێ جار پاككردنەوەی دەم و ددان بە فڵچە مەترسییەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و گیرانی لوولەكانی خوێن كەمدەبێتەوە .

بەگوێرەی رۆژنامەی زانستی "ساینس دەیلی" زاناكان وتوویانە ئەو بەكتریایەی لەناو دەمدایە لەڕێگای پووكەوە دەچێتە ناو ڕێرەوی خوێنەوە، بۆیە هەركاتێك ئەو بەكتریایانە لەناو خوێندا زیاد بكەن چەندین گرفتی تەندروستی درووست دەكەن، كە راستەوخۆ هەرەشە لەسەر تەندروستی دڵ دروست دەكەن و مەترسییەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی پەنكریاس سورێنچك زیاد دەكەن .

لای خۆیەوە، دكتۆر تای جین سۆنگ لە زانكۆی سیئۆل دەڵێت: لێكۆڵینەوەكە تەنیا لەسەر یەك وڵات كراوە ئەویش كۆریای باشوورە، هەرچەندە لێكۆڵینەوەكە بەشێوەیەكی كۆتایی ئەو پەیوەندییە ناسەلمێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لێكۆڵینەوە لەسەر ژمارەیەكی گەورەی حاڵەتەكان و بۆماوەیەكی دوورودرێژیش كراوە، كە ئەوە هێز بە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانمان دەبەخشێت .

زاناكان دەشڵێن: بەڵگە هەیە دەیسەلمێنێت ئەو بەكتریایەی لەناو دەمدایە پەیوەندی هەیە بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی هەوكردنەكان.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی